بەرپرسی ئورژانسی کۆمەڵایەتی: تەمەنی خۆکوژی لە ئێران لە نێوان ١٥ هەتا ٢٥ ساڵدایە

14:23 - 1 رەزبەر 2716
ئاژانسی کوردپا: لە ماوەی چەند ساڵی ڕابردوودا ڕێژەی خۆکوژی لە وڵاتی ئێــران ڕووی لە زیاد بوون کردووە و تەنانەت تەمەنی خۆکوژی بۆ ژێــر ١٠ ساڵیش دابەزیوە.

هەواڵدەریی ئیلنا لە زاری بەرپرسی ئورژانسی کۆمەڵایەتیی ئێران بڵاوی کردەوە، لە ساڵی ڕابردوودا، واتە ساڵی ٩٤ی هەتاوی، ٤٠٢٠ حاڵەتی خۆکوژیی سەرکەوتوو ڕوویداوە و زۆرترین ڕێژەی خۆکوژەکانیش تەمەنیان لە نێوان ١٥ هەتا ٢٥ ساڵدا بووە.

حوسێن ئەسەد بەیگی بە ئاماژە کردن بە ڕاپۆرتی ڕێکخراوی بێهداشتی جیهانی لە مەڕ ئاماری خۆکوژی دەڵێت؛ بەپێی ئەو ڕاپۆرتە ئێران لە پلەی سەد و هەشتەمین لە نێو وڵاتانی جیهاندایە.

ناوبراو لە درێژەدا ئەوەی خستەڕوو کە؛ لە ساڵی ٢٠١٢دا، ڕێژەی خۆکوژی لە نێو پیاواندا لە ١٠٠ هەزار کەس، ٧ کەس بووە، کە بە گشتی ٢هەزار و ٧٠٠ پیاو خۆیان کوشتووە و ئەو ڕێژەیەش لە نێو ژناندا لە ١٠٠هەزار کەس ٣.٦ ژن بووە، واتە هەزار و ٣٦٩ ژن خۆیان کوشتووە.

بە وتەی ئەو بەرپرسە، زۆرترین خۆکوژییەکان لە پارێزگاکانی ڕۆژئاوای ئێران واتە، پارێزگاکانی ئیلام، کرماشان، لوڕستان و هەمەدان ڕوویداوە کە بە نیسبەت حەشیمەتی خۆیان، زۆرترین ئاماری خۆکوژییان بۆ خۆیان تۆمار کردووە.

ئەسەد بەیگی لە درێژەدا گوتی؛ بە داخەوە لەو چەند ساڵەی دواییدا بە هۆی نەبوونی چاوەدێری بە سەر بڵاوکردنەوەی \"حەبی برنج\"، لە ماوەی ساڵی ڕابردوودا، زۆربەی حاڵەتەکانی خۆکوژی لەڕێی بەکارهێنانی ئەو حەبەوە بووە و هەربۆیەش پێویستە فرۆشتنی حەبی برنج بەتەواوت کۆنتڕۆڵ بکرێت.

بەسەرنجدان بە نەبوونی میدیای ئازاد بۆ ڕووماڵ کردنی هەواڵەکان و نەبوونی لێکۆڵینەوەیەکی مەیدانی لە ئێران بۆ دەرکەوتنی ئامارێکی دروست، شیمانە دەکرێت ئاماری ڕاستەقینە لەو ڕێژەیەش زیاتر بێت.