بەرپرسانی زیندانی ورمێ لەگەڵ مەرەخەسیی دەرمانیی زیندانییەکی سیاسی دژایەتییان کرد

17:56 - 6 رەشەمه 2720

بەرپرسانی زیندانی ورمێ، لەگەڵ داواکاریی مەرەخەسیی دەرمانیی زیندانییەکی سیاسیی کورد بە ناوی "نایب حاجی‌زادە یەنگیجە"، دژایەتییان کردووە.

بە وتەی سەرچاوەیەکی ئاگادار، ڕۆژی یەکشەممە ٣ی ڕەشەمە، ئەو زیندانییە سیاسییە بەهۆی بوونی پلاتین لە لاقی، لە نەخۆشخانەی دەرەوەی زیندان نەشتەرگەریی بۆ کراوە و پلاتینەکەیان لە لاقی دەرهێناوە.

ئەو سەرچاوەیە هەروەها وتوویەتی: "ڕۆژی سێشەممە ٥ی ڕەشەمە، ئەو زیندانییە سیاسییە پاش نەشتەرگەری، گەڕایەوە بۆ زیندان و بەرپرسانی زیندانی ورمێ لەگەڵ داواکاریی مەرەخەسیی دەرمانیی ناوبراو دژایەتییان کردووە".

نایب حاجی‌زادە، کوڕی مەدەنی و خەڵکی گوندی "یەنگیجە" سەر بە ورمێ، ١٦ی ڕەزبەری ٩٨، بەبێ بەڵگەی یاسایی لەلایەن هێزە ئەمنییەتییەکانەوە دەسبەسەر کرا و ٢٧ی ڕەزبەری هەمان ساڵ، پاش کۆتایی لێپرسینەوە، بۆ زیندانی ناوەندیی ورمێ ڕاگوێزرابوو.

ئەو زیندانییە سیاسییە کوردە، لەلایەن لقی ٢ی دادگای ئینقلابی ورمێ بە تۆمەتی "ئەندامبوون لە یەکێک لە حیزبە کوردییەکانی ئۆپۆزیسیۆنی حکوومەتی ئێران و پڕۆپاگەندە دژی نیزام"، بە دە ساڵ و یەک ڕۆژ زیندانیی تەعزیری مەحکووم کرا کە ئەو حوکمە بە "تەسلیم بە رأی"، بۆ حەوت ساڵ و شەش مانگ زیندانیی تەعزیری کەم کرابووەوە.