بەرموور، راپۆرتی حەفتانەی ئاژانسی کوردپا سەبارەت بە پرسی ژنان

16:52 - 3 خاکەلێوه 2713
دوایین حەفتەی ساڵی ١٣٩١

ئاژانسی کوردپا بەمەبەستی زیاتر زەق کردنەوە و تاوتوێ کردنی مەسەلە پەیوەندیدارکانی تایبەت بە ژنان, هەموو حەفتە راپۆرتێک لەژێر ناوی \"بەرموور\" بڵاو دەکاتەوە.

ئامانجی سەرەکیی لە بڵاوکردنەوەی ئەم راپۆرتە تایبەتییە، زەق کردنەوەی پێشلکارییەکانی دەرهەق بە ژنان و هەروەها سەرجەم چالاکییەکانی ژنان کە لەلایەن ژنان و رێکخراوەکانی پەیوەندیدار بە ژنانەوە ئەنجام دەدرێت.
بەهۆی بەربڵاوی و گرینگیی ئەم بابەتە و هەروەها نەبوونی دەنگدانەوە لە ناو مێدیاکاندا، \"بەرموور\" بە شێوەی دیاریکراو دەپرژێتە سەر بابەت و مەسەلەکانی ژنان لە ناوچە کوردنشینەکانی ئێران، بەڵام ئەمە بەو واتایە نییە کە ناوچەکانی دیکەی ئێران دەخرێنە پەراوێزەوە، بۆیە ئاژانسی هەواڵدەریی کوردپا هەوڵ ئەدات بەپێی ئیمکان، گرینگی بە سەرجەم ناوچەکان دیکەی ئێرانیش بدات.

راپۆرتی ئەم حەفتەیە، مان لە خواردن گرتنی ژنە زیندانییەکی سیاسیی کورد، خۆکوژیی ژنێکی کورد لە تاران و وتوێژ لەگەڵ \"شەهێن محەممەدی\" یەکێک لە چالاکانی ژنان لە پەیوەندی لەگەڵ خۆکوشتنی ژنان، کوژرانی ژنێک بەدەستی مێردەکەی خۆی، کوژرانی کچە خوێندکارێک لە شاری سنە و دەستبەسەر کرانی ٢ ژنی بەهایی لە \"گورگان\"ی لە خۆ گرتووە.
کوردستـــــــــــان

مانگرتنی زیندانییەکی سیاسیی کورد لە زیندان

\"11704.jpg\"
ژنە زیندانییەکی سیاسیی کورد بە ناوەی \"مریەم موقەدەسی\" لە زیندانی \"ئێڤین\"ی تاران مانی لە خواردن گرتووە.

مریەم موقەدەسی خەڵکی شاری نەغەدەیە و بانەمەڕی ساڵی ١٣٨٩ بە تاوانی هاوکاری لەگەڵ یەکێک لە حیزبە کوردییەکانی ئۆپۆزسیۆنی حکوومەتی ئیسلامیی ئێران دەستبەسەر و دواتر بە ٩ ساڵ زیندانی حوکم درا و هەنووکە لە زیندانی \"ئێڤین\"ی تاران ماوەی حوکمەکەی تێپەڕ دەکات.

ئەو ژنە زیندانییە هۆکاری مان گرتنەکەی، بارودۆخی خراپی نێو زیندانی ئێڤین و بە تایبەت بەندی ژنان ئەو زیندانە و هەروەها پێڕانەگەیشتن بە نەخۆشییەکەی راگەیاندووە.
خۆ کوژیی ژنێکی کورد لە تاران
\"11702.jpg\"
شەوی یەکشەممە رێکەوتی ٢٧ی رەشەمە ژنێک بەناوی\" سه‌یران عیسەوی\" کچی عه‌لی و خەڵکی شاری مەهاباد لە شاری تاران کۆتایی بەژیانی خۆی هێنا.
سەیران تەمەنی ٢٣ ساڵ و خاون منداڵێکی ٤ ساڵ تەمەن بووە و ماوەی مانگ و نیوێک پێش ئێستا لە هاوسەرەکەی جیا ببۆوە کە هەتا کاتی بڵاوبوونەوەی ئەم هەواڵە چۆنیەتی خۆکوشتنی ناوبراو نەزانراوە.

کەسێکی نزیک لە بنەماڵەی ئەو ژنە بە هەواڵنێری کوردپای راگەیاندبوو: سەیران ماوەی ٢ ساڵ بوو کە تووشی نەخۆشیی دەروونی هاتبوو و بەشێوەی جۆراوجۆر ٦ جار هەوڵی خۆکوشتنی دابوو کە دوایین جار کۆتایی بە ژیانی خۆی هێناوە.

بەپێی ئاماری تۆمار کراو لە ناوەندی ئاماری ئاژانسی کوردپا، لەسەرەتای زستانەوە هەتا ئێستا ١٦ ژن کۆتاییان بەژیانی خۆیان هێناوە کە لەکۆی ئەو رێژەیە ٨ کەسیان ئاگریان لە جەستەی خۆیان بەرداوە.

ئەو ئامارە رێژەییە بەپشت بەستن بە ئاماری تۆمار کراو لکە ناوەندی ئاماری ئاژانسی کوردپا بڵاو دەکرێتەوە کە دەکرێ ئاماری راستەقینە لەو رێژەیەش زیاتر بێت.

\"11707.jpg\"
ئاژانسی کوردپا، بۆ لێکۆڵینەوە لە هۆکارەکانی خۆکوشتنی ژنان لەگەڵ \"شەهێن محەممەدی\"، ئەندامی چالاکی ئەنجومەنی ژنانی مەریوان، لێدوانێکی پێکهێناوە، ناوبراو لەبارەی هۆکارەکانی زیادبوونی رێژەی خۆکوشتنی ژنان پێی راگەیاندین کە (یاسا، کولتوور، ئایین و نەریتی خێڵەکیی زاڵ) بەسەر کۆمەڵگادا لە هۆکارەکانی پشت ئەم جۆرە کارەساتانەوەن بەتایبەتی لەبەر ئەوی ژنان لە منداڵییەوە سەرکوت کراون، متمانە بە خۆبوون و توانای دیفاع کردنیان لە خۆیان لاوازە.

ئەو چالاکە ژنە هۆکارێکی دیکەی زیادبوونی رێژەی خۆ کوشتنی ژنانی بە (نائاگاهی تاکی ژن) لە قەڵەمدا و گوتی: کاتێک ژن مافەکانی خۆی نەناسێت نازانێ بە چ شێوەیەک داکۆکی لە مافەکانی خۆی بکات، بۆیە بەردەوام بەروڕووی پێشل کرانی مافەکانی دبێتەوە. هەربۆیە خۆ کوشتن بەتاکە رێگەی ناڕەزایەتی دەربڕین دەزانن و لە ئاکامدا روو لە خۆ سووتاندن و کوشتن دەکەن.
ئێــــــــــــران

کوژرانی ژنێک بە زەبری چەقــۆ
\"11705.jpg\"
بەپێی ئەو هەواڵانەی کە بڵاوبوونەوە، فاتمە هاشمی سەرلە بەیانی رۆژی ٢٦ی رەشەمە، لەلایەن هاوسەرەکەی خۆیەوە بە زەبری چەقۆ لە شاری ئیسفەهان گیانی لێ ئەستێندرا.

ئەو ژنە لە بەر چاوی دەر و دراوسێکانی خۆی لە نێو کۆڵاندا کوژرابوو.
\"رەزا شاهین\" هاوسەری ئەو ژنە، یەکێک لە ئەندامانی سپای پاسداران و و کەمئەندامی شەڕی ٨ ساڵەی ئێران و عێراق\"ــە وماوەی چەند ساڵێک بوو کە تووشی نەخۆشیی دەروونی هاتبوو.

فاتمە زیاتر لە ٢٠ جار خراپیی باری دەروونیی \"رەزا\"ی بە بەرپرسانی سپای پاسداران و هێزی ئینتزامی راگەیاندبوو کە بەهۆی نفووزی بنەماڵەی مێردەکەی لە نێو ئۆرگانە دەوڵەتییەکان، هیچ وەڵامێکی پێ نەدرابوویەوە.
کچە خوێندکارێک لە سنە کوژرا
\"11706.jpg\"
رۆژی چوارشەممە رێکەوتی ٢٤ی رەشەمە کچە خوێندکارێک بەناوی \"ساناز شەکیبا\" بە دەستی کەس یان کەسانێکی نەناسراو کوژرا و دواتر تەرمەکەی سووتێندرابوو.

ساناز شەکیبا دانێشتووی تاران و خوێندکاری زانکۆی کوردستان لە شاری سنە بووە کە لە کاتی چوونە دەرەوەی لە رێکەوتی١٥ی رەشەمە، نەگەڕابوویەوە ماڵێ.

هەتا کاتی بڵاوبوونەوەی ئەم راپۆرتە هۆکاری ونبوون و کوژرانی ئەو کچە خوێندکارە بە دروستی نەزانراوە.

دەستبەسەر کردنی ٢ ژنی بەهایی لە گورگان
\"11703.jpg\"
٢ ژنی پەیڕەوی مەزهەبی بەهایی بە ناوەکانی \" موونا ئەمری حەساری\" و \" روفیا پاکزادان\" رۆژی دووشەممە رێکەوتی ٢٨ی رەشەمە، لەلایەن هیزە ئیتلاعاتییەکانی حکوومەتی ئیسلامیی ئێرانەوە دەستبەسەر کران.

ئەو ٢ هاووڵاتیە بەهاییە پاش ئەوەی کە لەلایەن دادوەرەوە حوکمەکەیان پێ راگەیەندرا، رەوانەی زیندانی شاری گورگان کران.

بەهاییەکان بە حەشیمەتی نزیک بە نیو میلیۆن کەس، یەکێک لە کەمینە مەزهەبییە غەیرە ئیسلامییەکانی ئێران پێک دێنن و هەتا ئێستاش مەزهەبەکەیان بەفەرمی نەناسێندراوە.

سەرچاوەکان:
ئاژانسی هەواڵدەریی کوردپا
کۆمیتەی هەواڵنێرانی بێ‌سنوور
ماڵپەڕی خوێندکار
ئاژانسی ئێران هەواڵ
چالاکانی مافی مرۆڤ و دێمۆکراسی لە ئێران