بەردەوامیی ئەستاندنی زۆرەملیی پارە لە قوتابیانی کوردستان

16:26 - 28 رەشەمه 2712
ئاژانسی کوردپا: بەرپرسانی قوتابخانەی سەرەتایی گوندێکی ناوچەی سەقز بەمەبەستی دابین کردنی سووتەمەنی و کڕێنی کەلوپەلی ئەو قوتابخانەیە، بە زۆری پارە لە قوتابیان وەردەگرن.

بەپێی هەواڵی گەیشتوو بە ئاژانسی هەواڵدەریی کوردپا، بەرپرسانی قوتابخانەی گوندی \"تایربۆغە\"ی ناوچەی گەورکی سەقز بە بڕیاری ئیدارەی پەروەردە و بارهێنان بڕی ٥٥ هەزار تمەنیان بۆ دابین کردنی تێچووی سووتەمەنی و کڕینی کۆمپیوتێر لە هەر قوتابیانی ئەو گوندە ئەستاندووە.

یەکێک لە قوتابیانی ئەو گوندە لە پەیوەندییەکی تەلەفۆنیدا بە هەواڵنێری کوردپای راگەیاند،هەر قوتابییەک لە مانگدا تەنیا ١ کاتژمێر مافی کار کردنی بە کۆمپیوتێر هەیە.

ئەستاندنی ئەو بڕە پارەیە لە کاتێک دایە کە بەپێی بڕگەی ٥ی بڕیارنامەی پاراستنی مافی قوتابیان لە ئێران، هەر قوتابییەک مافی ئەوەی هەیە لە بوونی کتێبخانە و ئینتێرنێتی خۆڕایی بەهرەمەند بێت و دەستی بە زانست و تەکنەلۆژیاکانی سەردەم رابگات. ( منشور حقوق آموزشی دانش‌آموز)

ئەو قوتابیە ئەوەشی خستەڕوو کە لەسەرەتای ئەمساڵەوە هەتا ئیستا \"بەرپرسانی قوتابخانەکەمان چەندن جار بەبیانووی جۆراوجۆر لە ٥ هەزار تمەنەوەوە هەتا ١٥ هەزار تمەن پارەیان لێ ئەستاندووین\".

لە سەرەتای ئەمساڵەوە هەتا ئێستا لە زۆربەی قوتابخانەی ناوچە کوردنشینەکانی ئێران، بەرپرسانی قوتابخانە بە زبری هەڕەشەی دەکردن و بێبەری کردن لە خوێندن، پارەیان لە قوتابیان وەرگرتووە و لە چەندین شوێنی وەک: گوندی \"داشبەند\"ی سەربە شاری بۆکان و قوتابخانەی \"فاتمە زەهرا\" لە شاری کامیاران قوتابیان لە خوێندن بێبەری کراون.