بەردەوامیی گوشار بۆسەر بنەماڵەی چالاکانی سیاسیی کورد

22:13 - 29 جۆزەردان 2713
ئاژانسی کوردپا: بنەماڵەی ٢ چالاکی سیاسیی کوردی خەڵکی شاری بۆکان لەلایەن دەزگا ئەمنیەکانی حکوومەتی ئیسلامیی ئێرانەوە بەرەوڕووی گوشار و هەڕەشەی دەستبەسەر کران بوونەوە.

بەپێی راپۆرتی ئاژانسی هەواڵدەریی کوردپا، چەند رۆژ پێش ئێستا هێزە ئیتلاعاتییەکانی حکوومەتی ئیسلامیی ئێران چوونەتە سەر بنەماڵەی کاوە و ئەسرین کانەبی \"خوشک و برا\" ٢ چالاکی سیاسیی کوردی خەڵکی شاری بۆکان و بە دایک و باوکی ئەو ٢ چالاکە کوردەیان راگەیاندووە، کە دەبێ رۆڵەکانتان رادەستی ناوەندە قەزاییەکانی حکوومەتی ئیسلامیی ئێران بکەنەوە.

\"13352.jpg\"
ئەسرین و کاوە کانەبی \"خوشک و برا\" ٢ چالاکی سیاسیی کوردی خەڵکی شاری بۆکان
هەر لەو پەیوەندییەدا رۆژی چوارشەممە رێکەوتی ١٥ی جۆزەردان دادگای ئینقلابی شاری بۆکان لە نامەیەکدا کە بە بنەماڵەی ئەو ٢ چالاکە کوردەی راگەیاندبوو، کە رۆڵەکانیان لە دادگا ئامادە بن.

دادگای ئینقلابی شاری بۆکان تاوانی ئەو ٢ چالاکە کوردەی \"پێکهێنانی کۆبوونەوەی نایاسایی و هەوڵدان دژی تەناهی نەتەوەیی و هاوکاری لەگەڵ یەکێک لە حیزبە کوردییەکانی ئۆپۆزسیۆنی حکوومەتی ئیسلامیی ئێران\" راگەیاندووە.

کاوە کانەبی ساڵی رابردوو هاوڕی لەگەڵ خوشکەکەی بەناوی ئەسرین کانەبی بەهۆی زەخت و گوشاری هێزە ئیتلاعاتییەوە زێدی خۆیان بەجێهێشت و روویان لە وڵاتی تورکیە کرد.

ئەو ٢ چالاکە کوردەی خەڵکی شاری بۆکان، دوابەدوای بەشداری کردن لە خۆپیشاندانێک کە بەنیشانەی ناڕەزایەتی دەربڕین بە کوژرانی سومەیە فەیزوڵڵاپوور، لەلایەن ئیدارەی ئیتلاعاتەوە شناسایی و بانگهێشت کرابوون کە بە ناچاری روویان لەدەرەوەی وڵات کرد.

لە مانگی خاکەلێوەی ساڵی رابردوودا كچێكی لاوی خەڵكی بۆكان بەناوی \"سومەیە فەیزوڵڵاپوور\" لەلایەن كەسانێكی نەناسراوەوە رفێندرا و پاش چەند رۆژ تەرمەكەی بە كوژراوی دۆزرایەوە.

دوابەدوای ئەو رووداوە لەسەر بانگهێشتی ژنان و چالاكانی مەدەنی بە نیشانەی ناڕەزایەتی بەو دیاردەیە خۆیشاندانێكی هێمنانە لە شاری بۆكان، بەڕێوە چوو.
\"13353.jpg\"