بەردەوامیی مانگرتنی زیندانیانی سیاسیی ورمێ و پشتیوانیی زیندانیانی سنە لەو مانگرتنە

14:42 - 9 سەرماوەز 2714
ئاژانسی کوردپا: لە کاتێکدا مانگرتنی زیندانیانی سیاسیی زیندانی ورمێ پێی نایە ١١یەمین رۆژ، گاردی تایبەتیی لە بەردەم بەندی ١٢ی ئەو زیندانەدا بە مەبەستی هێرشکردن بۆسەر زیندانیان، جێگیر کراون.

بەپێی راپۆرتی ئاژانسی هەواڵدەریی کوردپا، ئەمڕۆ یەکشەممە رێکەوتی ٩ی سەرماوەز، ١١ رۆژ بەسەر مانگرتنی ٢٩ زیندانیی سیاسیی کورد لە زیندانی ورمێدا تێدەپەڕێ، کە بە نیشانەی ناڕەزایەتی دەربڕین بە راگواستنیان بۆ بەندەکانی دیکەی ئەو زیندانەو هێنانی زیندانییانی تاوانبار بە کوشتن و ماددە سڕکەرەکان بۆ بەندی زیندانیانی سیاسی، مانیان لە خواردن گرتووە.

هاوکات ژمارەیەک لە زیندانییە سیاسییەکانی زیندانی سنە پشتیوانیی خۆیان لە داخوازیی زیندانیانی سیاسیی زیندانی ورمێ دەربڕیوەو رایانگەیاندووە، ئەگەر بەرپرسانی زیندانی ورمێ وڵامی داخوازیی زیندانییانی سیاسی نەدەنەوە، مان لە خواردن دەگرن.

هێزەکانی گاردی تایبەت لە رۆژی شەممەی ئەم حەفتەیەوە کە بە باتۆم و شۆکی ئەلکترۆنییەوە تەیار کراون، بە مەبەستی هێرش کردن بۆسەر بەندی زیندانییە سیاسییەکانی ئەو زیندانە، لەبەردەم ئەو بەندەدا جێگیر کراون.

سەرچاوەیەک لە زیندانی ورمێ بە هەواڵنێری کوردپای راگەیاند؛ مەنسوور ئاروەند، کە یەکێک لە مانگرتوانی زیندانی ورمێ بوو، پاش ملاقات و چاوپێکەوتن لەگەڵ کەسوکارەکەی، بۆ زیندانی ناوەندیی شاری مەهاباد راگوێزرا.

بە گوتەی ئەو سەرچاوەیە، هێزەکانی گاردی تایبەت، کە لەبەردەم بەندی ١٢ی زیندانی ورمێ جێگیر کراون، سەرجەم زیندانیانیان بە بیانووی پشکنین بۆ چوونە لای ملاقاتییەکان، رووت کردۆتەوە.

سەرچاوەکە گوتیشی؛ دوابەدوای کۆتایی هاتنی ملاقاتی زیندانیان، کاتژمێر ١٢ی نیوەڕۆ گاردی تایبەتی هاتە نێو هەواخۆریی بەندی زیندانییە سیاسییەکان و تەلەفۆنەکانیان پچڕان و دەرگای هاتنە ژوورەوە و ساڵۆنەکەشیان داخست و گوتیان کە دەبێ محەمەد عەبدوڵڵاهی بچێتە بەندی بکوژەکان، کە ئەم داوایە لەگەڵ دژایەتیی زیندانییە سیاسییەکان بەرەوڕوو بوویەوەو رێگرییان لە چوونی محەمەد عەبدوڵڵاهی بۆ ئەو بەندە کرد.

لە رۆژی پێنج شەممە، رێکەوتی ٢٩ی خەزەڵوەرە ٢٩ زیندانیی سیاسیی ورمێ بە ناوەکانی، مستەفا داودی، شۆڕش ئەفشاری، عەلی ئەفشاری، جەعفەر ئەفشاری، حەبیب ئەفشاری، کەیهان دەروێشی، شێرکۆ حەسەن‌پوور، محەمەد عەبدوڵلاهی، خزر رەسووڵی‌ڕاد، سامان نەسیم، سیروان نەژاوی، ئەمیر مەلادۆست، جەعفەر میرزایی، ئیبراهیم رەزاپوور، محەمەد عەبدولبەخت، عەبدوڵلا ئەسغەری، عەرەفات ئەسغەری، عەرەفات ئەسغەری، عەبدورەحامن سلێمان، سەید سامی حوسینی، عەبدوڵڵا مەحموودی، ئەحمەد تەمۆیی، بێهرووز ئاڵخانی، مستەفا رەحمان، یووسف کاکەمەمی، سەید جەماڵ محەمەدی، عەلیرەزا رەسووڵی، مەنسوور ئاروەند و عوسمان مستەفاپوور، مانیان لە خواردن گرتووەو سەرەڕای تێپەربوونی ١١ رۆژ بەسەر مانگرتنەکەیاندا هیچکام لە داواکارییەکانیان جێبەجێ نەکراوە.

پێشتریش لە ناوەڕاست مانگی هاوینی ئەمساڵدا، ٤٨ زیندانیی بەندی ٣٥٠ی زیندانی ئێڤین، بە بڕیاری بەرپرسانی حکوومەتی، بۆ بەندی ٧ی ئەو زیندانە، کە تایبەت بە تاوانی \"ماڵی\"یە، راگوێزرابوون.