بەربەستەکانی دێمۆکراسی لە ئێران

22:07 - 9 خەرمانان 2714
Unknown Author
کەژاڵ حاجی میرزایی

نەبوونی دێمۆکراسی یەکێک لە سەرەکیترین و گرینگترین کێشەگەلێکە، کە لە کۆمەڵگەی ئێراندا بەرۆکی خەڵکی گرتووە. کێشەیەک کە کۆمەلێک هۆکاری دیار و نادیاری سیاسی، کۆمەڵایەتی و ئابوری و مێژوویی خۆی هەیە. لێرەدا بە پێویست زانراوە ئاماژەیەکی کورت بەو هۆکارانە بکەین کە وەک بەربەست لە بەردەم پرۆسەی دێمۆکراسی لە ئێراندا ناسراون.

سەرەتا ئاماژەیەک بە واتای دێمۆکراسی دەتوانێ جێگای سەرەنج و هەروەها تێگەیشتنی زۆرتر لەو بارەیەوە بێ. دێمۆکراسی خۆی مێژوویەکی درێژی هەیە و بە درێژایی مێژووەکەشی تێگەیشتنی جیاوازی لێ کراوە. دێمۆکراسیی سیاسی یەکێک لە گرینگترین بەشەکانی دێمۆکراسییە کە بەردەوام گرینگی پێ دراوە، بەو واتایە کە دەسەڵاتی سیاسی لە دەستی زۆرینەی خەڵکدا بێ و مافی کەمینەش بۆ پەرەپێدانی خۆی پارێزراو بێت، ئەم شێوازە حکوومەتە رێک لە خاڵی بەرامبەری حکوومەتگەلێکە کە دەسەڵات تەنیا لە دەستی یەک کەس دایە، بۆ نموونە حکوومەتگەلی پاشایی یان حکوومەتگەلی دیکتاتۆری، یان حکوومەت لە دەستی کەمینەی خەڵکدا بێ وەکوو حکوومەتگەلی ئۆلیگارشی.

جەیمزبرایس لە کتێبی (دێمۆکراسیی تازەپێگرتوو)دا سەبارەت بە دێمۆکراسی دەڵێ، وشەی دێمۆکراسی لە حکوومەتێکدا دەگونجێ کە ئێرادەی زۆرینەی شاروومەندانی پێگەیشتوو و تێگەیشتوو لە ئاستێکی زۆر بەرزدا بێ و دەسەڵاتداریی لە دەستی ئەو زۆرینەیەدا بێ.

شۆمپێتر دەڵێت رەوشی دێمۆکراتیک، رەوشێکی سازمانییە بۆ گەیشتن بە بڕیارگەلی سیاسی کە تاکەکان لە نێو ئەو بڕیارانەدا، لە رێگەی هەڵبژاردن و دەنگی خەڵکەوە دەگەن بە دەسەڵات و پلەی بڕیاردان لە سەر حکوومەت و کۆمەڵگە.

هەروەها ئاوەها دێمۆکراسییەک رێز لە ئازادیگەلێکی وەکوو ئازادیگەلی کۆمەڵایەتی، سیاسی،وەکوو ئازادی بیروڕا دەربڕین، ئازادی کۆبوونەوەکان، ئازادی بوونی رێکخراوەکان و چالاکی مەدەنی، دەگرێ.

بە بڕوای ئەرەستوو\" تەنیا چینی مام ناوەندی هەڵگری باری بزووتنەوەی دێمۆکراسیخوازییە و بە بزووتنەوەی ئەوانە کە کۆمەڵگە دەتوانێ هەنگاوەکانی قورستر بکاتەوە بۆ گەیشتن بە دێمۆکراسی.\"

بەربەستەکانی دێمۆکراسی لە ئێران:

بەربەستەکانی دێمۆکراسی لە ئێراندا دوو جۆرن. بەربەستی سروشتی_ئابووری، بەربەستی کولتووری.

نەوت

نەوت گرینگترین بەربەستی سروشتی_ئابوورییە، کە زۆر جار وەک \"نیکبەتی نەوت\" ناوی دەبردرێ. دەوڵەت بە هۆی بوونی نەوەتەوە لەباتی ئەوەیکە ببێتە خزمەتکاری خەڵک بوەتە ئەربابی خەڵک. لە لایەکی دیکەوە نەوت وای کردووە کە قەوارەی دەوڵەت لە چاو کەرتی تایبەت زۆر گەورەتر بێ و ٨٥%ی ئابووری ئێران دەوڵەتی بێت. دەوڵەتی رانتێر وەکوو گرینگترین سەرچاوەی سەرەڕۆیی و گەندەڵی دەسەڵاتدارێتی، بەرهەمی نەوت و ئەو داهاتە ئابوورییانەیە کە دەوڵەت لە خەڵک بێ منەت دەکات و وا دەکا وڵامدەرەوەی ویست و داخوازییەکانی خەڵک نەبێ.

چونکە داهاتی دەوڵەت لە لایەن خەڵکەوە و لە رێگەی باج و ماڵیاتەوە دابین ناکرێ بەڵکوو لە رێگەی دۆلاری نەوتییەوە دابین دەکرێ. ئەوە بنەمای ئابووری سیاسی سەرەڕۆیی دەوڵەت لە ئێران دایە و وەک بەربەستێکی ئابوری_سروشتی دێمۆکراسییە. هەروەها زاڵبوونی دەوڵەت بەسەر ئابووریدا وای کردووە کە بتوانێ هەرچەشنە سیاسەتێکی ئابوری_کۆمەڵایەتی مەبەستی بێ بیپێکێ. بۆ وێنە لە ماوەی چەند ساڵی رابردوودا زۆربەی سیاسەتە ئابوورییەکانی دەوڵەت (گەڵاڵەی ئامانجدار کردنی یارانەکان) لە راستای لاواز کردنی چینی مام ناوەندی دا بووە.

چینێک کە بە هۆی سروشتی چینایەتییەوە زۆرترین داخوازیی بۆ دێمۆکراسی هەیە بۆیە هەولی لاواز کردنی دراوە.

هەروەها بە هۆی بوونی نەوتەوە دەسەڵاتی سیاسی لە ئێران بە پێوێستی نەزانیوە بەرنامەیەکی درێژخایەنی ئابووری بۆ پەرەپێدانی ئابوری و کۆمەڵایەتی دابڕێژێ. لە ئاکامدا گەشە و کەسادیی ئابوری پێشبینی نەکراو و پەیتاپەیتا وایکردووە چینەکانی کۆمەڵگە زۆر سەیال و بگۆڕ بن. بۆیە بە وتەی کاتوزیان لە مێژووی چەند دەیەی رابردووداچینەکان کورت خایەنبوون و نەیانتوانیوە لە درێژ ماوەدا بە شیوەی بەردەوام خواستێکی دیمۆکراتیک و مۆدێرن بەرەو پێش ببەن.

یەکێک لە هۆکارەکانی دێمۆکراسی کەڵەکە بوونی سەرمایەیە کە لە مێژوی ئابووری ئێراندا نەیتوانیوە روو بدات و لە چەند دەیەی رابردووشدا بە هۆی داهاتی نەوتیی دەوڵەتەوە، سەرمایەداری و کارخوڵقێنەریی(entrepreneur) بەستراوەی خێر و سەدەقەی دەوڵەت بوون و بۆیان نەلواوە ئیستراتژی خۆیان سەربەخۆیانە دابڕێژن.

بەربەستە کولتوورییەکان

خوێندنەوەی نادیمۆکراتیکی شێعە بە نیسبەت دەسەڵات بەربەستێکی دیکە بووە کە لە کاتی دەسپێکی مەشرووتەوە لە بەرامبەر دێمۆکراسیدا راوەستاوە کە سەرکردە ناودارەکانیان شیخ فزلولاه نووری و مودەرس و خومەینی و خامنەیی بوون. بە تایبەت تیۆری ویلایەتی فەقیهی خومەینی کە پێی وایە دەسەڵات مافی بێ ئەملاو ئەولای فەقیهێکە کە بە نوێنەرایەتی ئیمامی زەمان و بە هەبوونی تایبەتمەندییەکانی ئەو،دەتوانێ سیاسەت لە سەر کۆڵەکەی شەریعەت دابەستێ و دەسەڵاتی سیاسی بە نێوی ئایین قۆرغ و پاوان بکات. هەروەک دەزانرێ نە خومەینی تێوری خۆی پێ دیمۆکراتیک بوو و نە کەس دەتوانێ بانگەشەی دیمۆکراتیک بوونی تیۆری ئەو بکات و هەروەک دەرکەوتووە گەورەترین ئیستبدادی دینی مێژووی سەردەمی بەدوای خۆی دا هێناوە.بۆیە یەکێک لە گەورەترین بەربەستە کولتوورییەکانی بەر دەم دێمۆکراسی لە ئێران دا مەزەبی شێعە و دەلالەتە سیاسیەکانی ئەوە. سیستەمی دێمۆکراسی لە سەر ئەساسی عەقڵ و بیری مرۆڤی سەردەم بنیات دەنرێ کەچی سیستەمی ئایینی لە سەر ئەساسی حەدیس و فتوای پیاوانی ئایینی کار دەکات. لە سیستەمی دینی دا دەسەڵاتی ئایینی خۆی وەک تەنیا دەرخەری \"راستییەکان\" دەناسێنێت و دیتران بە بەلاڕێداچوو ناو دەبات و کار دەکات بۆ لە ناو بردنییان. بۆیە لە باری مەعریفییەوە ئەو دوو سیستەمە جیاوازی قوڵ و بنەڕەتییان لەگەڵ یەک هەیە.بەگشتی هەم بە ئەزمونی مێژوویی و هەمیش لە باری تیورییەوە سەلماوە کە هەر جۆرە حکومەتێکی دینی، نادیمۆکراتیک دەبێت، بە واتایەکی تر، سێکۆلاریزم و جیاکردنەوەی ئایین لە دەسەڵات پێشمەرجی هەر جۆرە دێمۆکراسییەکە.

لە لایەکی دیکەوە دانیشتوانی رۆژهەڵاتی ناوراست بەگشتی و ئێران بە تایبەتی لە باری دەرونناسی کۆمەڵەیەتییەوە نەیانتوانیوە پێ بە پێی پێشکەوتنە پیشەییەکان و ئامرازەکان، زەین و هزری خۆیان لە بابەت پلۆرالیزم و تەحەمول و گوێدان بە بیر و ئەندێشەی جیاواز پێش بخەن. بۆیە بە کردەوە دەبینین کە فاشیزم و دوگماتیزم هەموو ئەو ناوچەیەی تەنیوە.

کولتووری دیمۆکڕاتیک ئەو چەمکەیە کە نەبوونەکەی لە مێژووی کۆن و تەنانەت لە وێژەی ئێرانیدا تا قۆناغی ئێستا وای کردووە کە کۆمەڵگە نەتوانێ رێز لە جیاوازییەکان و رەنگەکانی ناو خۆی بگرێ و بە فەرمییان بناسێ. کولتووری دیمۆکراتیک دەبێتە هۆی ئەوەیکە کۆمەڵگە بۆ چارەسەری کێشەکانی ناو خۆی، نێوبژیوانی دێمۆکراسی وەک دوا دادوەر قەبوڵ بکات و رێگە کراوە دەبێ کە میکانیزمەکانی دێمۆکراسی و پێداویستییەکانی بە گوێرەی پێویست کاری خۆیان بکەن. بەڵام لە نەبوونی ئەو کولتوورەدا، بۆ چارەسەری کێشە و گرفتەکانی کۆمەڵگە، میکانیزمی \"هێز\" و زۆرداری جێگەی دەگرێتەوە و فاشیزم بێچم دەگرێ.

وێدەچێ نەبوونی کولتووری دێمۆکراسی، بنەماییترین هۆکاری سەرنەگرتنی پرۆسەی دێمۆکراسی لە ئێراندا بێ.