بە بیانووی سەردانەکەی بارزانی بۆ ئامەد

19:35 - 29 خەزەڵوەر 2713
Unknown Author
بیژن قوبادی

کوردستان مووزائێکێکی رەنگامەیە، بە پانتایی هەمووی ناوچەکانی جێی نیشتەجێبوونی کوردان. ئەو فرە رەنگیە لە هەموو بوارەکاندا خوی دەنوێنێت جا چ لە بواری داب و نەریت بێت، چ لە بواری زاراوەو شێوەزارەکان یان سەرجەم پێکهاتە ئایینیەکانی و هتد. ئەگەر وڵاتی هێندوستان بە \"وڵاتی حەفتاو دوو میللەت \" ناوی لێوە دەبرێت، بێگومان کوردستان دەستە خۆشکی هێندە. ئەو پێکهاتە رەنگامەیە، بە هەموو رەنگەکانیەوە جوان و رازاویەو ئەمە بابتێکی سروشتیە و خاڵێکی بە هێز و دەوڵەمەند کە لە ئەگەری پلان و گەڵاڵەی بەجێ و گونجاو، بەستێنی دەوڵەمەندکردنی چەندقاتی کوردستانە لە هەموو بوارەکاندا و بە پێی هەر پێوەرێک، بەڵام بەداخەوە بە هۆی قەتیس مانەوەی زۆربەی هێز ولایەنە سیاسی و فەرهەنگیەکانی لە تەنگ و چەڵەمەی ئایدئۆلۆژیی هاوردە، ناچار بە بینینی ئەو هەموو رەنگە جوانەو ئەو هارمۆنیە سروشتیەوە لە ئەودیوی چاویلکەی “رەش و سپی”ن.

بە پێی ئەو پەندەی کە دەڵێت لەولا بەجێماو و لەملا راونراو، پۆلمیکی کوردی لە لایەک نەیتوانی باڵانسێک لە گەڵ ئایدئۆلۆژیە هاوردەکەی رابگرێت بە پێی بارودۆخ و پێداویستیە ناوچەییەکان هاوتەریبی بکاتەوەو لە لایەکی‌ترەوە نەیتوانیوە خۆی لە ژێر وردە کولتووری عەشیرەتگەری رزگار بکات. بەڵگەش بۆ ئەو بابەتە زۆرن و مەجالی باسکردنیان کەم و من لێرەدا تەنیا ئاماژە بە دوو خاڵی زەقتریان دەکەم، یەکەم : بەداخەوە لە کوردستان باشوور پارتی بە ناوچەیەکی جوغەافیایی تایبەتەوە پێناسە دەکرێت، وەروەها کە یەکییەتیش بەو چەشنە پێناسە دەکرێت. لە کوردستانی رۆژهەڵاتیش دەرد هەمان دەردە، کۆمەڵە بە ناوچەیەکی دیاری کراوەوە پێناسە دەکرێت و دێمۆکراتیش بە هەمان شێوە. خاڵی دووهەم ئەوەیە کە سەرەڕای هەڵهێنانی بانگی بڵیند لە لایەن زۆرێک لە لایەنە سیاسیە کوردیەکانەوە لە سەر ئەوەی کە ئەوان بڕوایان بە سێکۆلاریزم هەیە و یا تەنانەت لائیکن، بەڵام بەشێوازێکی ئایینی دابەش کراون و بە شێوەی شیاو و پێویست نەیانتوانیوە ئەو سنوور دەسکردانە تێبپەڕێنن.کە ئەمەش خۆی پاشماوەی هەمان کەلتوور عەشیرەتیانەیە نەک شێوازێکی مۆدێڕنی سیاسی.

هەر عەشێرەتێک و سەرۆک عەشێرەتێک تەنیا بە نیازی بەرزکردنەوەی عەشیرەتەکەی خۆیەتی نەک بەرژەوەندیی گشتی نەتەوەیی و جەماوەری. ئەو بابەتەش وای کردووە کە بەستێنەکان هەرچی بەرتەسک و بەرتەسکتر ببنەوە و تا ئاستی داخواز، بەرژەوەندی و قازانجی بنەماڵە، چەند کەسێک و یان تەنانەت تاکێک، بچووک بکرێنەوەو دابەزێندرێن. بەو هۆیانەوەیە کە ئێمە شاهێدی ئەو دۆخە ئاڵۆزەی ئەمڕۆی پلۆمیکی کوردین.

ئەوەی کە هەر لایەنێک بۆ سەرخستن و چەسپاندنی هێژموونیی سیاسی و حیزبیی خۆی حەول بدات، بابەتێکی سروشتی و ئاساییە، بەڵام بە بێ بە فەرمی ناسینی مافی لایەنەکانیتر و رێزدانان بۆ ئەو مافەو حەولدان بۆ داسەپاندنی ئیرادەگەرایانەی ئەو هێژمۆنیە، هەروەکو لە هەموو کۆمەڵگاکاندا تا ئەمڕۆ تاقی کرابێتنەوە، جیا لە کۆمەڵێکی بەرفراوان ئەزموونی تاڵی ناسەرکەوتووی زیانبار، هیچیان لێ بە جی نەماوەو لە ئاکامدا دەسەڵاتێکی سەرەرۆ و کۆمەڵێک وردە دیکتاتۆری لێ دەر کەتوون.

جیا لەمانە، فورمۆلی بێ بنەمای یا” هەموو شتێک و یان هیچ” جیا لە دامەرزاندن و پەرەپێدانی دیاردەی ئانارشیزمی کرچ و کاڵ لە لایەک و لە لایەکیترەوە ناردنە ماڵەوەی کۆمەڵانی خەڵک و حەولدان بۆ ئەوەی کە خەبات و شۆڕش تەنیا ئەرکی شۆڕشگێڕانەو نە کەسیتر، چ دەسکەوتێکی بەدواوە بووە؟

بەداخەوە ئەو دیاردانەمان لە باکووری کوردستاندا بینی. هەمووی ئەو دەسکەوتە بەنرخانەی تا ئەمڕۆی خەبات لە هەموو بوارەکاندا لە باکووری کوردستان لە بەرچاو نەگیرا. لە بەر پاراستنی بەرژەوەندیی بەرتەسکی حیزبی لە لایەن بڕێک لایەنەوە هێرشی کرایە سەر. زۆر ئاساییە کە پێوەندی، دیدار و دانووستانی سیاسی لە نێوان هەموو وڵاتان و لایەنە سیاسیەکاند شێوازێک لە سەودا، بازرگانی و مەعاملە کردنە. جا ئەوە ئیتر پێوەندیی بە کارامەیی و لێهاتوویی هەر لایەنێکە کە بتوانێت لەو چەشنە لە بازرگانی کردنەدا سوود و قازانجی زۆرتر بەدەست بێنێت. ئەگەر ئەردۆغان بە نیازی قازانجی سیاسی و کۆکردنەوەی دەنگدەران و دەرهێنانی لیستی پارتەکەی خۆی لە سندووقە، ئەی بۆ کوردان مەگەر دەستان گۆجە کە نەتوانن قازانج لەو دۆخە بۆ خۆیان وەرگرن؟ دیار سەودایە و لە سەوداش دا ئەگەر بە نیاز قازانجی یەک لایەنە بین لە هەڵەداین. ئەگەر تا دوێنی ناسنامەی نەتەوەیی کورد لەو وڵاتە هەر لە بنەڕەتدا حاشای لێدەکرا، ئەوڕۆ زۆر بە راشکاوانە و لە پێش چاوی میدیا جیهانیەکان دانی پێدا دەنرێت، هەرچەند لە روانگەی ئێمەی کوردەوە گرینگ نەبێت نابێ دڵی پێخۆشکەین و بابەتێک نیە کە دەسەڵاتی تورک وەکو دانی بەشێک لە مافی کورد چاوی لێبکات، لە بەر ئەوەی هەر لە بنەڕەتدا ئەو نکۆڵی لێکردنە نایاسایی و پێشێلکردنی سەرەتاییترین مافە، بەڵام ناچار بوونی ئەو دەسەڵاتە ملهوڕە بەپاشەکشەو دانپێدانان، هەنگاوێکە بەرەوپێش و نەفسی ئەو هەنگاوە پێویستە گونجاو شیاو کەڵکی لێوەر بگیردرێت و دانانی هەنگاوەکانی تر.

نەک ئەوەی کە بە دەربڕینی چەند درۆشمێکی ئاوانتووریستی دەستی لایەنە رادیکاڵە پاوانخوازەکان بکەینەوە یان ئەوەی دۆخێک بخولقێت کە هەر وەکو هەنگاو نانەسەرەتاییەکەی سەردەمی سەروک کۆماریی “ تورگوت ئۆزاڵ” مەجالی مانۆڕ بدرێتە پان تورکەکان و ئەو پرسە دیسانەوە بۆ چەندین ساڵیتر دوا بخرێت و خولێکیتر کوشت و بڕ و زیندان و خوێنڕژان دەست پێ‌بکاتەوە.

هونەر ئەوە نیە کە ئێمەی کورد دروشمی قەبە بدەین و بە بێ لە بەرچاو گرتنی هەلومەرج دیسانەوە خۆمان لە پشت لەمپەری یان هەموو شتێک یان هیچ، ببستینەوە، بەڵکو بەشێک لە تواناییەکانی ئێمە دەبێ بخرێتە سەر ئەوە کە لە هەلە رەخساوەکان چۆن بە قازنجی بەرژەوەندیەکانی خۆمان کەڵک وەرگرین یان درز و کەلێن و کەلەبەرەکانی دۆژمنان بە چ شێوازێک بە قازانجی خۆمان بقۆزینەوە. ئێمەی کورد لە کوردستان بەگشتی لە گەڵ دوژمنی داگیرکەر بەرەوڕووین ئەمە راستیەکی حاشا هەڵنەگرە، ئەوەش کە لەم قۆناخەدا بۆ بەربەرەکانێ و درێژەی خەبات لە پێناو بەدەست هێنانی مافە زەوتکراوەکانمان لە هەر پارچەیەک لە کوردستان ئێمە پێویستمان بە هەڵگرتنی چەک تایبەت و تاکتیکی شیاو و شێوازی خەباتی گونجاو لەو پارچەیەیە، دیسانەوە جێگای نکۆڵ لێکردن نیە. هەر بە چاوخشاندنێکی خێرا بە سەر دۆخی پارچە جیاوازەکانی کوردستاندا، ئەو راستیەمان بۆ دەر دەکەوێت.

گەڕانەوەی هونەرمەندیک پاش چەند ساڵ بۆ وڵاتی خۆی و رەخسانی دەرفەتێک بۆ چوونە ناو جەماوەر، بە پێی چ پێوەریک دەبێت لە روانگەی بەرژەوەندی و بۆچوونی حیزبێکەوە چاوی لێ‌بکریت؟ ئایا کاتی ئەوە نەهاتووە هونەرمەند هونەر بنوینێت و سیاسەتوان سیاسەتی خۆی بکات؟ ئایا هیڵ و سنوور دانان بۆ هونەرمەند بە پێی پێوەرە حیزبیەکان، بەربەست دانان و لە بەندکردنی هونەر و هونەرمەند نیە؟ ئایا ئەگەر هونەرمەندیک لە لایەنێکی سیاسی نزیکتر بوو یان لە بوونەیەکدا لە گەڵ لایەنیک کەوت، دەبێت لە لایەن لایەنیترەوە هێرشی بکرێتە سەر و بۆ شکاندن و تڕۆ کردنی حەول بدرێت؟

هەر چەند کە من بە پێی پێکهاتەی کۆماری ئیسلامی و ئەو سێ کۆڵەکە بنەڕەتیەی واتە” یاسای بنەڕەتی”،” کۆماری ئیسلامی”و” ولایەتی فەقێ”هیچ بڕوایەکم بە چاکسازی و گۆڕان لەو دەسەڵاتەدا نیە، بەڵام بە پێی ئەو بنەما دیالێکتیکیە کە دەڵێت” هیچ بابەتێک وەکوو خۆی نامێنێتەوە و دایمە لە جم و جووڵی بەردەوامی بی بڕانەوە دایە” ئەگەر سبەی لە ئێران کرانەوە یان گۆڕانێک هاتە ئاراوە و بەرپرسانی پلە بەرزی دەسەڵاتی تاران بە راشکاوی لە پێش چاوی دانیشتووانی جیهان داوایان لە هونەرمەند ناسری رەزازی بە سەردانێک لە کوردستان (کوردستان نەک ئێران) کرد و ئەو هەلە رەخسا کە ناسر رەزازی لەگەڵ هونەرمەند شەهرام نازری یان بنەماڵەی کامکارەکان لەکرماشان یان سنە دەرکەوێت و راستەوخۆ و راشکاو وەزیری دەرەوەی ئێران لە کاک ناسر و باقی هەنەرمەندان بە فەرمی داوای لێبووردن بکات، دەبێت بە هەنگاوێکی ئەرێنی بناسرێت و وەر بگیردرێت یان داوا لە لاینگرانی رێکخراوە سیاسیەکان بکرێت وێنەو و کاسێت و سی دی کانی بسووتێنن؟

بۆیە من لە سەر ئەو بڕوایەم کە هەر کرانەوەیەک، هەنگاوێکی بەرەو پێشەو گەڕانەوەی بۆ نیە. بەڵام لێرەدا مەرج ئەوەیە چۆن لە بابەتەکە بڕوانین، هەنگاوەکە پتەوتر بکەینەوە و خۆمان بۆ هەڵگرتنی هانگاوێکی نوێ ئامادە بکەین، یان ئەو هەل و دەرفەتانە لەبار بەرین؟

ئەم بابەتە روانگە و بۆچوونی نووسەرەکەیەتی و \"ئاژانسی هەواڵدەریی کوردپا\" لەمەڕ ناوەرۆکەکەی بەرپرسیار نییە.