بێکاریی زیاتر لە ٦٠% کرێکاران و وەستاکارانی بیناسازی لە پارێزگای سنە

12:04 - 4 جۆزەردان 2720

بەرپرسی کانوونی ئەنجومەنی سێنفی کرێکاران و وەستاکارانی بیناسازی پارێزگای سنە وتوویەتی، کرێکارانی بیناسازی لە پارێزگا سنوورییەکان، پێش لە هاتنی کۆرۆناش لەگەڵ کێشەی بێکاری بەرەوڕوو بوون، بەڵام هەنووکە بێکاری داوێنی ئەو کرێکارانەی گرتووە و دەتوانم بڵێم، زیاتر لە ٦٠ بۆ ٧٠% کرێکارانی بیناسازی لە ساڵی نوێ بێکارن.

میکائیل سدیقی وتوویەتی؛ بە هاتنی کۆرۆنا، بارودۆخەکە خراپتر بووە و کرێکارانی بیناسازی بیمەی بێکاری نایناگرێتەوە و ئەو کرێکارانە سندووقی بیمەی بێکارییان نییە.

بەرپرسی ئەنجومەنی سێنفی کرێکاران و وەستاکاران هەروەها ئاماژە بە دۆخی نالەباری کرێکارانی ڕۆژمزد کرد و ڕایگەیاند: بە هاتنی کۆرۆنا، سنوورەکان بە تەواوەتی داخراوە و تەنیا لە ناوچەی هەورامانات، ٤ هەتا ٥ هەزار بنەماڵە هەیە کە لە ڕێگای کۆڵبەرییەوە بژیوی ژیانیان دابین دەکەن و بە داخستنی سنوورەکان، ئەو بنەماڵانە هیچ سەرچاوەی داهاتێکیان نییە.

ناوبراو هەروەها دەڵێت: زۆرێک لە کۆڵبەران، زەمانێک کرێکارانی پسپۆڕی بیناسازی بوون، کە بەهۆی بێکاری یان داخرانی یەکەکانی بەرهەمهێنان، ڕوویان لە پیشەی کۆڵبەری کردوووە.