بۆ چی هەموان داوای یەکگرتوویی دەکەن، بەڵام وەدی نایە

13:25 - 26 رەزبەر 2712
Unknown Author
سمکۆ بێکەس

بە درێژایی دیان ساڵ بوونی هێزی سیاسی لە ئیران و رۆژهەڵاتی کوردستان باسی بەرەی یەکگرتوو بووەتە باسێکی گرینگ و هەموو حیزبەکان کردویانەتە دروشم و هەر حێزبێک بە پێوانەی خۆی و بە شێوەیەک داوای ئەو یەکگرتووییە دەکات لە چوارچێوەی بۆچوونی حیزبەکەیدا کە بەداخەوە زۆر جار تەنیا ئەمە دروشمە بۆ خۆ دەرخستن و یان بۆ فریودانی خەڵکە کە وا دەنوێنن حیزبەکەیان ئامادەیە بۆ یەکگرتوویی و بەرە پێکهێنان، بەڵام ئەوە هێز و حیزبەکانی ترن کە نایەنە پێش و کوسپ بۆ پێکهاتنی بەرە دروست دەکەن.

هەر چەند لە رابردوودا چەند جارێک چەند هێزێک بەرەیەکی بچووکیان دروست کردووە، بەڵام یان لێک هەڵوەشاوەتەوە یان ئامانجی خۆی نەپێکاوە و هەر بۆیە بەداخەوە دەبێ بڵێین کە یەکگرتوو نەبوونی هێزەکان گەورەترین زەربەی لە جووڵانەوەی ئێران و رۆژهەڵاتی کوردستان داوە لەم چەند دەیەی کە شۆڕش بەردەوام بووە لە دژی خراپترین رژیمی دەسەڵا داری کۆماری ئیسلامی ئیران، کێشەی هەرە گرینگ بۆ وەدینەهاتنی ئەو یەکگرتووییە ئەوەیە کە کەس کەسی قبووڵ نیە و هەر کەسە و خۆی لە هەموو کەس بە دەسەڵاتدارتر و زاناتر و هەقدارتر ئاقڵتر دەزانێ و وادەزانن بە خۆبەزلزانین دەتوانن کێشەی رۆژهەڵاتی کوردستان و ئێران چارەسەر بکەن.

لە لایەکەوە فارسە رەگەز پەرەستەکان لە ترسی ئەوەی کە نەوەکوو کورد جیایی خوازی بێت و رۆژێک لە رۆژان بە قسەی ئەوان خاکی ئێران بەش بکەن، ئیتر ئەو هێز و کەسایەتیە سیاسییە فارسانەی کە بە قەولی خۆیان لەوان ئێرانی‌تر هەرگیز وجودی نیە، بڕوا بە کورد ناکەن و خۆیان کە بستێک خاکیان نیە و بە درێژایی ژیانیان هێز و دەسەڵاتیان نەبووە و ئیستا داوای تەواوی خاکی ئێران دەکەن بە کوردستانیشەوە. بەڵام زەرەرمەندی یەکەم خەڵکی ئێران و رۆژهەڵاتی کوردستانن کە تەنانەت زۆر جار متمانەیان بە حیزبەکان نامێنێ.

بە درێژ بوونەوەی شۆڕش و سەختیی ژیانی خەڵک لەناوخۆی وڵات و گوێ نەدانی دەسەڵاتدارانی ناو حکوومەت و ئاڵو گوڕەکانی ناوچە و بێ هێزبوونی دەسەڵاتی ئاخوندەکانی ئێران ئیتر دەبێ هێزە سیاسییەکان زیاتر هەست بە گرینگیی بەرە بکەن و هەوڵی بۆ بدەن بەتایبەت هێزە کوردییەکان چونکە فارسەکان بەشی هەرە زۆریان هەموو کات دژی کورد دەوستنەوە لە هەر هەلومەرجێکدا بێت، بەڵام بەداخەوە دیسان ئەمەش هەر زۆر کەم جیدی بوونی تێدایە کاتیک بۆ نموونە تەنیا دوو هێزی سیاسی وەک حیزبی دێمۆکراتی کوردستانی ئێران و کومەڵە رێکەوتنێکی هاوبەش رادەگەیەنن و دەکەونە بەر رەخنەی زۆر حیزب و لایەنی دیکە و ئیتر هەر کەس بە پێوانەی خۆی هەڵسەنگاندنی باش و خراپی بۆ دادەنێ لە روانگەی خۆیانەوە هەڵی دەسەنگێنن و پێشتر هەر ئەو کەس و لایەنانە خۆیان هاواری یەکگرتوویان بوو ئێستا پێیان خراپە و کەوتوونەتە ناو و ناتۆرە دان لەو رێکەوتنە، زیاتر لەمەش زۆر جار ئامادەیی خۆیان و حیزبەکانیان بۆ هەموو دانیشتن و کۆبوونەوە و یەکگرتووییەک بەبێ شەرت و مەرج نیشان داوە، بەڵام بەداخەوە کە دەگاتە مەیدانی کردەوە ئیتر هەر حیزبە و بە بیانووی جۆاروجۆر خۆیان لەنێواخن و گرینگی باسەکان دەدزنەوە و ئەوەی کە زۆر دروشمیان بۆ دەدا و خۆیان پێ لە هەموو کەس راستتر بوو دەبێتە هیچ.

بۆ ئەوەی کە ئیتر بەڕاستی راستگۆیی و نیەت پاکی هەر حیزب و کەسایەتییەک بە باشی دەربکەوێ ، لە راستیدا ناو گرینگ نیە ناوەرۆک گرینگە بکەینە دەسپێکی یەکگرتوویی و ئیتر لەم هەلومەرجەدا هەم قورسایی هێزەکانمان دەربخەین و هەم نیەت پاکیی حیزبەکانمان و هەم پشتیوانیی ناوخۆ و هەم پشتیوانیی دەرەوە بەدەست بێنین، ئیتر کات کاتی نیەت پاکیە و دەبێت هەموان بەڕاستی ئەگەر لە تاراوگەنشینی بێزار بوون و ئەگەر بەراستی مەبەستیان رزگاریی گەلی کورد و گەلانی ئێرانە لە دەست رژیمی ئاخوندی و هاتنە سەر کاری دەسەڵاتیکی ئازاد و دیموکراتیکە با هەر حیزب و لایەن و کەسایەتییەک کەلە خەمی ئازادی دایە قۆڵی هیمەت هەڵماڵن و ئەوە مەیدان با بەرەیەکی یەکگرتوو دروست بکەن بەبێ هیچ شەرت و مەرجێک جارێ با شەرت و مەرج تەنیا روخانی رژیمی ئاخوندەکان بێت و دواتر مێزی دانیشتن و دانوستان دەتوانێ بە ئەندازەی قورسایی هێز و دەنگی گەڵ دەسەڵاتەکان دابەش بکات لە ئێرانێکی دێمۆکراتیک و فیدرالیدا.