بۆ پشتیوانی لە كەبوودوەند، مانگرتنی زنجیرەیی بەڕێوە دەچێت

22:42 - 10 پووشپەڕ 2712
كوردپا: \"گرووپی رێكخەری مانگرتوانی پشتیوانی كەبوودوەند\"، لەمەڕ چۆنیەتی و بەربڵاویی ئەم مانگرتنانە لە رۆژانی داهاتوودا، راگەیەندراوێكی بڵاو كردەوە.

دەقێك لەو راگەیەندراوە لەلایەن ئەو گرووپە رێكخەرەوە بە ئاژانسی هەواڵدەریی كوردپا گەیشتووە، كە ئەمە دەقەكەیەتی:

بەردەوامی مانگرتنەكە بە شێوەی زنجیریەی دەبێت
هەروەك ئاگادارن كۆمەڵێك لە چالاكانی مەدەنی لە حەرەكەتێكی خۆڕسكدا بۆ پشتیوانی لە محەممەدسدیق كەبوودوەند دەستیان داوەتە مانگرتنێكی سێ‌ رۆژە. هاوكات لەگەڵ بڵاوبوونەوەی هەواڵی ئەم مانگرتنە، كۆمەڵێكی بەرچاو لە چالاكانی مەدەنی ئامادەیی خۆیان بۆ بەشداری لەم حەرەكەتە خۆڕسكە دەربڕیوە و داوای پەیوسەت بوون بەو مانگرتنەیان كردووە.

پێویست بە ئاماژەیە ئەم داخوازییە لەلایەن هێندێ‌ لە چالاكانی مەدەنییەوە هێنراوەتە گۆڕێ‌ و بە ئاگاداریی \"كەمپەینی پشتیوانی لە كەبوودوەند\" گەیشتووە. ئەو چالاكە مەدەنییانە هەروەها بۆ پشتیوانی زیاتر لە كەبوودوەند داوای ئەوەیان كردووە كە مانگرتنەكان بە شێوەی زنجیرە بەڕێوە بچن.

هەر لەم پێوەندییەدا \"گرووپی رێكخەری مانگرتوانی پشتیوانی كەبوودوەند\" بە ئاگاداریی ئەو كەسانەی كە دەیانەوێ‌ لەم حەرەكەتە بەكۆمەڵەدا بەشداری بكەن، دەگەیەنێ‌ كە ناو و شوناسی خۆیان وەك: ناو و فامیل، شوێنی دانیشتن، تەمەن و ئیمەیلی خۆیان بۆ ئەم گرووپە رەوانە بكەن.
لە كۆتاییدا رایدەگەیەنین كە ماوەی مانگرتنەكە رۆژێك دەبێت و زیاتر لەوە ناخایەنێت.
[email protected]
گرووپی رێكخەری مانگرتوانی پشتیوانی كەبوودوەند