بڵاو کردنەوەی گەڵاڵەکەی \"حدک\" و چەند رەخنەیەک

14:59 - 19 خاکەلێوه 2714
Unknown Author
مادح ئەحمەدی

ئەمن یەکێک لەو کەسانەم کە پڕ بەدڵ باوەڕم و بە ساغکردنەوە و رێکخستنەوەی بنەماڵەی گەورەی حیزبی دێمۆکرات هەیە. پێموایە هەتا رۆژێک زووتر حیزبی دێمۆکرات یەکبگرێتەوە درەنگە و لە ئێستادا بوونی دوو حیزبی دێمۆکرات هیچ پاساوێک هەڵناگرێ. چونکە جیاوازییەکی ئەوتۆ نابینرێ و هەر دوو لا لێوانلێون لە کەموکۆڕی. لەم سۆنگەوە وەک تاکێک چیم لە دەست بێ بۆ یەکگرتنەوە و رێکخستنەوەی بنەماڵەی گەورەی حیزب، دەیکەم و دژی ئەو هەوڵانەش دەوەستمەوە و هەڵوێستم دەبێ کە دژی یەکگرتنەوەن. لە چەند رۆژی رابردوودا \"حیزبی دێمۆکراتی کوردستان\" گەڵاڵەی خۆی بۆ یەکگرتنەوە بڵاو کردەوە. بڵاو کردنەوەی ئەم گەڵاڵەیە رووی لە خەڵک بوو، بۆیە منیش وەک ئەندامێکی ئەو حیزبە بە مافی خۆم دەزانم کە قسەی خۆم بە ئاشکرا بێژم. وێڕای ئەوەی کۆمەڵێک رەخنەم لەگەڵاڵەکە هەیە، لەبەر ئەم هۆکارانەی خوارەوەش پێموایە نەدەبوو ئەو گەڵاڵەیە بڵاو بکرێتەوە و بڵاو بوونەوەکەی بە دژی یەکگرتنەوەی و پێوەندییەکانی نێوان هەر دوو لای دێمۆکرات دەبینم:
١ـ ئەو گەڵاڵەیە لەبەر ئەوەی باسی کۆمەڵێک شتی تەکنیکی و میکانیکی دەکا، لە ئاستی پراکتیکدا پێوەندی بە نێوانی هەر دوو لای حیزبەوە هەیە و هیچ پێویست ناکا کە بۆ خەڵک بڵاو بکرێتەوە.

٢ـ نێوانی هەر دوو لا ماوەی دوو ساڵ بوو خۆش بوو و هاتوچوو هەبوو و لە هەر دوو لا هەیئەتێک بۆ چارەسەرکردنی کێشەکان دەست نیشان کرا بوو، و چەندین جار دانیشتن و ڕاگۆڕینەوە هەبوو. بۆیە ئەگەر بتەوێ ئەم پێوەندییانە بچنە پێشەوە و بەردەوام بێ، دەبێ هەموو شتەکان بە هەماهەنگی و رێککەوتنی هەر دوو لا بکرێ. ئەگەر هەر دوو لا بڕیاریان داوە و رێککەوتوون کە گەڵاڵەی خۆیان بۆ خەڵک بڵاو بکەنەوە و رای خەڵکیش بزانن، ئەوا قسەیەکم نییە. بەدەر لەم حاڵەتە پێموایە، بڵاو کردنەوەی ئەو گەڵاڵەیە زیان بە پێوەندییەکانی نێوان هەر دوو لا و پرۆسەی یەکگرتنەوە دەگەێنێ و دەکرێ مەبەستەکەی ئەزیەت کردنی \"حدکا\" بێ.

٣ـ لە پرۆسەی یەکگرتنەوە و رێکخستنەوەی بنەماڵەی گەورەی دێمۆکراتدا، زیاتر لە هەر شتێکی دیکە پێویستمان بە دروست کردنی متمانەیە و دەبێ کەشی متمانە سازی لە نێوان ئەندامانی هەر دوو لادا زاڵ بێ. بەپێچەوانەوە، بڵاوکردنەوەی ئەو گەڵاڵەیە بۆ لەبار بردنی ئەو تۆزە متمانەیە بوو کە ماوەی دوو ساڵە لە نێوان ئەندامانی هەر دوو لا وردە وردە دروست بووە و خەریک بوو زیاتر پەرەی دەگرت.

٤ـ کاتێک ریزەکانی حیزب لە ساڵی ٢٠٠٦دا لێکتراز، لایەنی \"حدک\" لە راگەیاندراوەکان و هێڵە گشتییەکاندا باسی کۆمەڵێک پرسی \"درون تشکیلاتی\" وەک ئازادی بیرواڕا و.... و هەروەها دوورکەوتنەوە لە ئێرانچییەتی و گرنگیدانی زیاتر بە پرسی نەتەوەیی و... دەکا. ئێستا لە کێشە لەگەڵ \"حدکا\" و لەم گەڵاڵەشدا ئەوەی بەلایدا ناچێ ئەو پرسانەیە. بۆیە حیزب (حدک) دەبێ لەم بارەوە گەڵاڵەی هەبێ و روونکردنەوە بۆ خەڵک بدات، نەک ئەوەی کۆمەڵێک شتی میکانیکی بڵاو بکاتەوە کە هیچ پێوەندی بە خەڵکەوە نییە.

٥ـ مامەڵەی \"حدک\" لەگەڵ پرسی یەکگرتنەوە پڕە لە هەوراز و نشێو و ئەمەش لە ئاخاوتنەکانی بەرپرسان و کەسایەتییەکانی حیزبدا دەبینرێ. ئەگەر نییەتێکی جیددی (دوور لە خەونی تاکەکەسی) بۆ یەکگرتنەوە هەبێ، دەبێ کار لەسەر ئەوە بکرێ کە کەلێنەکانی نێوان هەر دوو لا قووڵ نەکرێتەوە و لە هەموو رووێکەوە بەرەو لێکنزیک بوونەوەی زیاتر هەنگاو هەڵبگیردرێ. کاربەدەستانی حدک کە باسی یەکگرتنەوە دەکەن، نابێ لەولاوە حیزب بەرەو گوتارێکی ریفۆرمخوازانە لە مامەڵە لەگەڵ کۆماری ئیسلامیدا ببەن. ئەمە هەر دوو لای دێمۆکرات لەیەکتری دوور دەخاتەوە و بە زیانی یەکگرتنەوەیە. بە کورتی نابێ باسی یەکگرتنەوە بکەیت و لەو لاشەوە بڕۆی بە تەنیا لەسەر ماددەی ١٥ و ١٩ و ئازادیی سیاسی !!! لەگەڵ کۆماری ئیسلامی دانیشتن بکەی.

٦ـ ئەو شتانەی لەگەڵاڵەکەدا باس کراون وەک کۆمەڵێک شتی تەکنیکی و پراکتیکی، شتی جوانی تێدایە، بەڵام پێموایە ئەو شتە تەکنیکییانە جێ کێشە نین و لە ئەنجامی دانیشتن و بەرەوپێشچوونی پێوەندییەکانی نێوان هەر دوو لا، زۆرێک لەوانە قەبووڵ دەکرا. ئەوەی پێویستە گەڵاڵەی لەسەر بدرێ ئەو شتەیە کە بەرپرسانی حیزب خۆیان لێ شاردووەتەوە. ئەویش ئەوەیە کە دەبوو تەوەری گەڵاڵەکە لەسەر ئەو خاڵانە بووایە کە لە نێوان هەر دوو لا دا کێشەن. واتە گەڵاڵەکەی حدک دەبوو لەسەر ئەو کێشە و ناکۆکییانە بووایە کە لە کۆتاییدا لە تێبینییەکدا باسی کردووە.

لە کۆتاییدا ماوەتەوە بێژم کە خۆزگە کاربەدەستانی حیزب پێداگرییان نەکردبایە و ئەو گەڵاڵەیان بڵاو نەکرداێتەوە. پێموایە مامەڵەی هەر دوو لا لەگەڵ ئەم پرسەدا هەڵەیە و بەتایبەتی پێویستە \"حدکا\"ش بە سیاسەتەکانیدا بچێتەوە و جیددیتر بێتە پێشەوە.

لەم پێوەندییەدا هەر لایەک زیاتر بێتە پێشەوە و ئیمتیازی زیاتر بدات، ئەوا براوەی سەرەکی دەبێ. بەو هیوایە ئەم قۆناغگەلە دەرباز بکەین و لەمپەرەکانی سەر رێگای یەکگرتنەوە لەناو بچن و حیزبی دێمۆکرات ببێتەوە بە یەک.

ئەم بابەتە روانگە و سەرنجی نووسەرەکەیەتی و ئاژانسی کوردپا لێی بەرپرسیار نییە.