بنەماڵەی چالاکێکی سیاسیی کورد لە ورمێ لەگەڵ ئەزیەت و ئازاری سپای پاسداران بەرەوڕوو بوونەوە

10:54 - 8 رەشەمه 2720

ڕۆژی پێنجشەممە ٧ی ڕەشەمە، بنەماڵەی چالاکێکی سیاسیی کورد لە گوندی "قەمشلوو" سەر بە شاری ورمێ، لەگەڵ ئازار و ئەزیەتی هێزەکانی سپای پاسداران بەرەڕوو بوونەوە.

بە وتەی سەرچاوەیەکی ئاگادار، هێزەکانی سپای پاسداران هێرشیان کردووەتە سەر گوندی "قەمشلوو" و گوشاریان خستووەتە سەر بنەماڵەی "عیسا گوڵزار"، کە یەکێک لە کوڕەکانی بە ناوی "سەیفەدین گوڵزار" ئەندامی یەکێک لە حیزبە کوردییەکانی دژبەری حکوومەتی ئێرانـ"ـە و لە دەرەوەی وڵات نیشتەجێیە، نابێت هیچ جۆرە چالاکێکی سیاسیی ئەنجام بدات.

سەرچاوەی ئاژانسی کوردپا ئەوەشی خستەڕوو: هێزەکانی سپای پاسداران بە بنەماڵەی ئەو چالاکە سیاسییە کوردەیان ڕاگەیاندووە: "هەر جۆرە بانگەشە و چالاکییەک لە بەرژەوەندی حیزبە کوردییەکان لەو گوندە و ناوچەیە ئەنجام بدرێت، ئەو بنەماڵەیە بەرپرسیارن".

ئەو سەرچاوەی هەروەها ئەوەشی خستەڕوو؛ هێزەکانی سپای پاسداران هوشداریان بەو بنەماڵەیە داوە، لە ئەگەری دووبارەبوونەوە هەر جۆرە چالاکییە، بانگهێشتی ئیتلاعات و بەرەڕووی لێپرسینەوە دەبنەوە.