برینداربوونی دوو کۆڵبەر لە سنوورەکانی چاڵدێران و بانە

13:20 - 31 پووشپەڕ 2720

ڕۆژی دووشەممە ٣٠ی پووشپەڕ، هێزە نیزامییەکانی حکوومەتی ئێران، بەبێ ئاگادارکردنەوەی پێشوو، کۆڵبەرێکی کوردیان بە ناوی "وەیسی حوسێن‌ نژاد" خەڵکی گوندی "سگریک" سەر بە شاری چاڵدێران، دایە بەر دەسڕێژی گولـلە و برینداریان کرد.

ئەو کۆڵبەرە بۆ چارەسەرکردنی پزیشکی ڕەوانەی شاری وان لە وڵاتی تورکیە کراوە و هەنووکە لەژێر چاوەدێریی پزیشکیدایە.

وەیسی حوسێن ‌نژاد، خێزاندار و خاوەنی سێ منداڵە.

لەو پەیوەندییەدا و لە هەمان ڕۆژ، کۆڵبەرێکی دیکە بە ناوی "میکائیل خوسرەوی" خەڵکی بۆکان، لە کاتی کۆڵبەری لە سنووری بانە بە تەقەی هێزە نیزامییەکانی حکوومەت پێکرا.

ئەو کۆڵبەرە بۆ چارەسەریی پزیشکی ڕەوانەی نەخۆشخانەی سەلاحەدینی ئەیووبی لە شاری بانە کراوە.

ڕۆژی یەکشەممە ٢٩ی پووشپەڕ، کۆڵبەرێکی کوردی خەڵکی ماکۆ بە ناوی "ڕامین بلخکانلوو" خەڵکی گوندی "کشمیش تەپە"ی ئەو شارە، بە تەقەی هێزە سنوورپارێزەکانی حکوومەت پێکرا.