بانێک و دوو هەوای ئەمریکا یان بانێک و چەند هەوای کورد؟

13:19 - 23 رەزبەر 2714
Unknown Author
عەلی جەوانمەردی

هێرشی داعش بۆ سەر کۆبانی و خۆڕاگری هێزەکانی “یە پە گە” ، لە ئەمریکا دەنگ دانەوەی زۆری هەبووه. بە جۆرێک کە یەکەم یان گرینگترین هەواڵی میدیاکانی ئەمریکا تەرخان کراوە بۆ کۆبانی و داستانی هێرشی داعش و بەرخودانی کورد... لە هەل و مەرجێک دا کە ئەمریکا شەری دژی داعش راگەیاندووە و وێنەکانی سەڕ بڕینی ٢ هاووڵاتی ئەمریکا ، بیروڕای گشتی ئەم وڵاتەی هەژاندووە ، هەر هێزێک دژی داعش شەڕ بکا ، وەک دۆستی ئەمریکا دێتە بە چاو.

نەک هەر کۆبانی بەڵکوو بە گشتی هێرشی داعش بۆ سەر کوردستانی باشوور و بە تایبەتی مەسەلەی شنگال ، کوردی بە شێوەیەکی بێ وێنە کردۆتە رۆژەڤی میدیاکانی ئەمریکا. هەر ئەوەش بۆتە هۆی ئەوە کە باسی کورد و چۆنیەتی مامەڵەی ئەمریکا لەگەل هێزە کوردییەکان ، ببێتە یەکێک لە باسە سەرەکییەکانی تینک تانک یان ژوورە فکرییەکانی واشنگتۆن. واتە ئەو ناوەندانەی کە کاریگەری زۆریان لە سەر سیاسەتی دەوڵەتی ئەمریکا هەیە. 

لەو نێوەدا خاڵی هەرە گرینگ کە بۆتە پرسیاری نێو سیاسەتوانانی واشنگتۆن ئەوەیە کە : ئایا هەموو کوردەکان دۆستی ئەمریکان یان هێندێک لە حیزبە کوردیەکان دۆست و جێگای باوەڕن؟ ئایا بەرژەوەندی ئەمریکا لەوە دایە کە هاوکاری و یارمەتی هەموو کوردەکان بکا یان تەنیا یاریدەدەری دۆست و هاوپەیمانەکانی بێت؟

 ڕوانگەی دەوڵەتی ئەمریکا کە بە شێوەیەکی ڕاشکاو لە وتاری ژوورە فکریەکانی واشنگتۆن و لە کردەوەی حکوومەتی ئەمریکادا دەردەکەوێ ئەوەیە که: تا ئێستا سیاسەتوانانی ئەمریکا لەسەر چۆنیەتی مامەڵە لەگەل کوردستان ، یەک دەنگ و هاوڕا نین. بەشێک وەک جان کێری وەزیری دەرەوە پێیان وایە کە کوردەکانی باشوور بە تایبەتی پارتی دیمۆکراتی کوردستان ، دۆستی ئەمریکا بە حیساب دێن. بەڵام پارتی کرێکارانی کوردستان لە باکوور و پە یە دە لە رۆژئاوا لە بەرەی سوریە ، ئێران و روسیە دان و جیگای باوەڕ نین و کوردەکانی رۆژهەڵاتیش هێزێکی کاریگەری ئەوتۆیان نیە. لە بەرامبەردا کەسانێکی وەک جۆ بایدێن جێگری سەرۆک ئۆباما پێیان وایە کە ئەمریکا دەبێ هەوڵ بدا پ ک ک و\" پ ی د\" لە ئێران و سووریە دوور بخاتەوە و سیاسەتی پێک هێنانی دەوڵەتی کورد لە باشوور پەیرەو بکات. 

ئێستا زۆر کەس لە کوردستان ئەو پرسیارەیان لا دروست بووە کە بۆچی ئەمریکا هەڵوێستی لەسەر کوردی باشوور جیاوازە لەگەل هەلوێستی بەرامبەر بە کوردی باکوور یا رۆژئاوا؟ 

لە سیاسەتی دەرەوەی ئەمریکا ئەسڵێکی بنەڕەتی هەیە ، ئەویش : بەرژەوەندی گەلی ئەمریکا گرینگترین مەسەلەیە و سیاسەتی دەرەوە لەسەر ئەو بنەمایە دادەرێژرێت.  ئەمریکا بەرژەوەندی خۆی لەوەدا نابینێ کە یارمەتی هێزێک بکا کە دۆست و هاوپەیمانی دوژمنەکەیەتی!  لە ڕوانگەی بەرپرسانی وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکاوە، ئەوە هاتنە سەرهێڵی تەلێفۆن لە لایەن مەسعود بارزانی سەرۆکی هەڕیمی کوردستان و داواکاری پەیتا پەیتای ئەو  بووە هۆی هێرشی ئاسمانی بۆ سەر داعش لە کۆبانی. ( وەک چۆن ئەمریکا لەبەرامبەر هێرشی داعش بۆ سەر ناوچەکانی ژێر دەسەڵاتی حکومەتی نوری مالکی بێدەنگ بوو ، بەڵام لەسەر داوای سەرۆکی هەرێم هێرشی ئاسمانی دەست پێ کرد.)

 تا ئێستا ئەو هێرشانەی ئەمریکا چەکی قورس و تانکەکانی داعشی لە کۆبانی پەک خستووە و به کردەوە بەرگری لە شکانی یەپەگە و لە دەست چوونی کۆبانی کردووە. بەرپرسانی پایەبەرزی\" یە پە گە\" کە لە رۆژانی رابردوودا زانیاری ئەو شوێنانەی داعش لە کۆبانی کە پێویستە بۆردومان بکڕیت ، لە ڕێگای هەولێرەوە داوە بە ئەمریکا ، ناتوانن نکۆڵی لەو راستیە بکەن. هەر چەند کچان و کوڕانی کۆبانی بەرخودانی کەم وێنەیان تۆمار کرد، بەڵام هاتنی تانک و تۆپخانەی داعش یە پە گە ی لە دەیان گوندی کوردان ڕاونا و بگرە پێشڕەوی لە ناو شاری کۆبانیش تا کاتی هێرشی ئاسمانی نەوەستاند.

ئەمریکا سیاسەتی دەرەوەی خۆی لەسەر بنەمای بەرژەوەندی کورد یا هیچ نەتەوەیەکی دیکە دانارێژێت ! بەڵام ئێستا هەل و مەرجێک بۆ کورد هاتۆتە پێش کە بەرژەوەندی هابەشی لەگەڵ ئەمریکا هەیە. حکوومەتی حیزبی داد و گەشە پێدانی تورکیە ، سیاسەتوانانی ئەمریکای بێ هیوا کردووە. لە واشنگتۆن ژمارەی ئەو کەسانەی کە پێیان وایە پێویستە بە سیاسەتی خۆیان لەگەڵ تورکیە دا بچنەوە رۆژ لەگەڵ رۆژ لە زیاد بوون دایە. تورکیە لە ٢٠٠٣ وە کەوتۆتە مەسیرێکی جیا لە بەرژەوەندی ئەمریکا. تورکیە نە تەنیا لە هیچ پلانێکی سەربازیی ئەمریکا دا بەشداریی نەکردووە بەڵکوو لەگەڵ هاوپەیمانی سەرەکی واشنگتۆن ، واتە ئیسرائیل کێشە ی ساز کردووە و بە ڕاشکاوی بە پێچەوانەی سیاسەتی ئەمریکا پشتیوانی ئیخوانیەکان لە میسر و حەماس لە فەلەستینی کردووە. لە لایەکی دیکەوە پ ک ک کە لە لیستی سەرەکی تیرۆری وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا دایە ، ئێستا بە شەر لە دژی داعش ، کەش و هەوایەکی باشی لە واشنگتۆن بە نیسبەتی خۆی خوڵقاندووە. بەڵام وێدەچێ ئەوە بەس نەبێ بۆ دەرکەوتنی پ ک ک لە لیستی ڕەشی وەزارەتی خەزێنەداری ئەمریکا و ئیزن پێدانی چالاکی دووبارە لە ئەمریکا. بە گوێرەی قسەکانی هێنری کیسینجێر وەزیری دەرەوەی پێشووی ئەمریکا لە وتووێژ لەگەڵ کەناڵی سی ئێن ئێن ، لە ڕوانگەی ئەمریکاوە پ ک ک و یە پە گە پێویستە لە بەرەی ئێران ، سوریە و روسیە دەرکەوەن بۆ ئەوەی ئەمریکا ناچار بکەن بە سیاسەتی خۆی بەسەر کوردەکانی باکوور و رۆژئاوا دا بچێتەوە. 

لەو هەل و مەرجە دا پرسیار ئەوەیە کە کورد چەندە پێویستی بە ئەمریکا هەیە و ئایا دەتوانێ لەو بەرژەوەندیە هاوبەشانەی لە ئارادایە بە قازانجی خۆی کەلک وەربگرێ یا نا؟! بە تایبەتی لە هەل و مەرجێکی ئەستەم دا کە زۆربەی سیاسەتوانانی ئەمریکا پێیان وایە سنوورەکانی دیاری کراو لە پەیمانی سایکس پیکۆ پێویستە سەر لە نوێ دابرێژرێنەوە.

لە باس نیوز وەرگیراوە