بانگهێشتی ١٥ کەس لە پاڵێوراوانی شۆرای شاری بۆکان بۆ ئیدارەی ئیتلاعات

17:29 - 30 جۆزەردان 2713
ئاژانسی کوردپا: ١٥ کەس لە پاڵێوراوانی شۆرای شاری بۆکان بەهۆی ناڕەزایەتی دەربڕین بە ساختەکاریی هەڵبژاردنی شۆرای ئەو شارە، لەلایەن ئیدارەی ئیتلاعاتەوە هەڕەشەی دەستبەسەر کرانیان لێکرا.

بەپێی راپۆرتی ئاژانسی هەواڵدەریی کوردپا، ١٥کەس لە پاڵێوراوانی شۆرای شاری بۆکان بەناوەکانی \"خوسرەو ساڵحی، یۆسف ساڵحی، لوقمان سەعیدی، ئەسعەد جەمیانی، مەسعوود مەحموودی، سابیر فەلەکی، سولێمان ئیمام زەنبیلی، ژیان رۆستەمی، شۆرش دێهبان، مەهدی خودایی، فەرهاد کاملایی بۆکانی، عەبدوڵلا بەهرامی، سەید ئەحمەد حوسێنی، ئومید کوردە و عەبدوڵڵا عەلایی\" بەهۆی ناڕەزایەتی دەربڕین بە ساختاکاریی لە هەڵبژاردنەکانی شۆرای شار، لەماوەی پاش هەڵبژاردنەکانەوە هەتا ئیستا ٥ جار بانگهێشتی ئیدارەی ئیتلاعات کراون.

هێزە ئیتلاعاتییەکان بەو پاڵێوراوانەیان راگەیاندووە لە ئەگەری بەردەوامبوون لە ناڕەزایەتی دەربڕین و پێکهێنانی کۆبوونەوەی ناڕەزایەتی لە شاری بۆکان، بەرەوڕووی دەستبەسەری و زیندانی کردن دەبنەوە.

ئەو پاڵێوراوانە لەسەر ئەو باوەڕەن کە بەشێوەیەکی پلان بۆ داڕێژراو لە هەڵبژاردنەکاندا ساختەکاری کراوە، بۆیە خوازیاری سەرلەنوێ بژاردنەوەی دەنگەکانی شۆرای شاری بۆکان بوون.

بەوتەی سەرچاوەیەکی ئاگادار، رۆژی رابردوو رێژەیەکی بەرچاو لە لایەنگرانی یەکێک لە پاڵێوراوانی شۆرای شاری بۆکان لە بەردەم فەرمانداریی شاری بۆکان کۆبوونەوە کە لەگەڵ هەڕەشەی فەرماندار و هێزە ئەمنیەکانی شاری بۆکان بەرەوڕوو بوونەوە.