ئایینی ئیسلام و خۆکوژی یان کولتووری عەرەب

14:26 - 14 گەلاوێژ 2714
Unknown Author
عارف عەزیزی

وەک ئاگادارن کە له‌هەموو وڵاتانی جیهاندا، بە شێوەی جۆراو جۆر تاوان ئەنجام دەدرێ و بەشێک لەو تاوانانەش، مرۆڤ کوشتنە. بەڵام شێوازی تاوانەکان و تەنانەت مرۆڤ کوشتنەکانیش، جیاوازییان هەیە. بۆنموونە لە ئێرانی ژێر دەسەڵاتی وڵایەتی فەقێ و ئاخوندیدا، بە پێی ئامارە درووستەکان پاش وڵاتی چین دووەمین وڵاتی جیهانە لە مرۆڤ هەڵواسیندا و هەر ٨ هەشت کاتژمێردا، کەسێک لە سێدارە دەدرێ. بەڵام ئەوەی ئەمەوێ لێرەدا باسی لێوە بکەم ئەو جۆرە تاوانە وەحشییانەیە کە بە شێوەی ئاژەڵ خنجەر و چەقۆی کولی تاوانباری دەخرێتە گەردنی مرۆڤ و بێ بەزەیانە و بێ لەبەرچاوگرتنی تەمەن سەریان لە لاشەیان جیا دەکەنەوە. ئەم کردەوە دژە مرۆییە کە بووەتە كولتوورێكی نەگۆڕ و له‌ژێر ناوی ئاینێکی گەورەی وەک ئایینی ئیسلامدا، بۆ ڕەزامەندی پەروەردگارێ کە بۆ خۆی خولقێنەری دونیای مرۆڤایەتییە بەڕێوە دەچێ، بێگومان تەنیا لە وڵاتانی عەرەبی و هندێ لە وڵاتانی دیکەی ئیسلامی \" کە به‌ده‌ست تیرۆریستانی عه‌ره‌ب و کۆمەڵێکی دیکەی گۆڵخواردوو، ئه‌نجام ئه‌درێ، کە ئاکامەکەشی ئەوەیە ڕۆژانە بۆ خۆمان دەیبینین.

لێرەدا نامەوێ گشت نەتەوەی عەرەب بکەمە تیروریست و پەنجەی تاوانیان بۆ ڕاکێشم، بەڵام حاشا لەوەش ناکرێ کە ٩٠% (لە سەدا نەوەدی) کارە تیروریستییەکانی جیهان، بە دەستی تیروریستانی عەرەب ئەنجام دراون. بۆ نموونە هەر لە ١١ی سێپتێمبەر تا دەگاتە تەقینەوەکەی مەدرید و خۆکوژییەکەی ١ی فێبرواری ٢٠٠٤ی هەولێر و تیروری کەسایەتییە لێهاتووەکانی جیهان و لەنێویاندا شەهیدانی میکونووس هەرچەن کە بەرنامە و پیلانی جمهوری ئیسلامی ئێران بوو بەڵام لەوەشدا دەستی عەرەبی تێدا بوو. هەروەها مزگەوت و مەرقەد و شوێنەگشتییەکان و دەیان و هەزاران تاوانی دیکە کە لێرەدا شوێنی باسکردنیان نییە. پاشان نموونەی ڕوون و بەرچاوتریش ئەوەیە کە سەرکردە و ڕێبەرانی تیرۆریزمی نێودەوڵەتی و گرووپە توندڕەوەکان، هەر لە \"ئەلقاعیدەی پێشوو بگرە تا دەگاتە داعش\"ی ئێستا، وەک \"بن لادن، زه‌واهیری و ئەبو بەکر بغدادی\" هتد... عه‌ره‌بن.

بە پێی ئەو ئامارانەی کە لە بەردەستدایە سەربڕینی مرۆڤ شتێكی نوێ نییە لە کولتوور و مێژووی عەرەبدا. ئەگەر بگەڕێنەوە بۆ مێژووی‌پێش هاتنی ئایینی ئیسلام، بۆمان دەردەکەوێ کە عەشیرەت و هۆز و تایفە عه‌ره‌به‌كان به‌رده‌وام خوێنی یەکتریان ڕشتووە و پەیتا پەیتا هێرشیان ‌كردوەتە سه‌ر یه‌كتری و یەکتریان کوشت و بڕ و تاڵان کردووە و تەنانەت سەری سه‌رهۆ‌ك هۆز و عەشیرەت و گه‌وره‌پیاوان و هەروەها دوژمننانیان لە جەستەیان کردووەتەوە و بۆ تۆقاندنی خەڵک کردویانە بەسەر شمشێر و ڕممه‌كانیانه‌وه‌و بە نێو شەقام و ماڵەکاندا بە بەرچاوی ژن و مێرمنداڵ و ڵاواندا یارییان پێ کردووە.

پاش هاتنی ئایینی ئیسلامیش ئەم کوشت و بڕە هه‌ر به‌رده‌وام بووە و تەنانەت هەر له‌دژی بێباوه‌ڕان به‌ئایینی ئیسلام نەبووە، به‌ڵكو له‌دژی خودی سه‌ركرده‌كانی ئیسلام و نه‌وه‌كانی پێغه‌مبه‌ر و ئەسحابەکانی حەزرەتی موحەممەد ئەنجام دراوە.

وەک دەزانین کە عوسمانی کوڕی عەفان خەلیفەی دووەمی موسڵمانان بوو،کە دەرمان خواردیان کرد، عومەری کوڕی خەتاب کە خەلیفەی سێیەمی موسڵمانان بوو ترۆریان کرد، عەلی کوڕی ئەبی تالب خەلیفەی چوارەمی موسڵمانان بوو، لە کاتی خوێندنی نوێژی بەیانیدا بە خەنجەر لە پشتەوە کوشتیان، حسێن كوڕی ئیمامی عه‌لی کە دەکاتە كچه‌زای پێغه‌مبه‌ری ئیسلام، هەر عەرەب بوو سه‌ریان په‌ڕاند و بە دیاری بردیان بۆ شام بۆ یه‌زیدی کوڕی مەعاویە. یان عه‌بدوڵڵای كوڕی زوبێر کە دەکاتە کچەزای ئەبوبەکری سدیق خەلیفەی موسڵمانان، بە هەمان شێوە سەریان لەلاشه‌ی ‌كردوەتەوە و زیاتر لە چل شه‌وو ڕۆژ هه‌ڵیانواسی و، پاشان سه‌ره‌كه‌یان برد بۆ خه‌لیفه‌ی‌شام، هتد...

ئەمانە هەموویان بەڵگەن و هەروەها مێژووش ئەوەی سەلماندووە، کە ئه‌مه‌كولتووری لەمێژینەی عه‌ره‌به‌و به‌رده‌وام‌تا رۆژی ئه‌مڕۆش كه‌دەکاتە سه‌ده‌ی ٢١، ئەم خۆکوژی و سەربڕین و خوێن ڕشتنە هەر بەردەوامە و ڕۆژ بە دوای ڕۆژ پەرە دەستێنێ و خرابتر دەبێ.

ئەوەی کە من لێی تێناگەم ئەوەیە کە چۆن دەبێ مرۆڤێک بەو شێوەیە خنجەر لە گەردەنی مرۆڤێكی هاو ڕەگەز و هاو شێوەی خۆی بخات و سەری لە جەستەی بکاتەوە! باشە مەگەر هەر زەڕڕەیەک هەست و سۆز و ویژدان لە دەروونیدا نییە؟ تەنانەت ئەگەر بڕیارێکیش بێ و لە سەرەوە لەلایەن بەڕێوەبەرانی هەر ئایینێکەوە هاتبێت! ئەی ئەو مرۆڤەی کە تاوانەکە ئەنجام ئەدا، نازانێ کە ئەو مرڤەی سەری ئەبڕێت خاوانی ژن و منداڵە؟ نازانێ ئەویش ئینسانێکە وەک خۆی کە خوا خولقاندوێتی و ئەگەر بیویستایە لە بەینی بدایە بۆ خۆی بە ئاسانی ئەیکوشت؟. من بۆ خۆم گەشتومەتە ئەو قەناعەتەی کە لە نێو سەرجەم گیان لەبەراندا، مرۆڤ لە هەموویان دڕندەتر و بێ بەزەیترە. بۆنموونە بینیوتانە شێرێ، شێرێکی دیکە بکوژێت، تەنانەت لە کاتی برسێتیشدا، یان مارێ مارێکیتر بکوژێ و هتد... بەڵام سەرەڕای ئەوەی کە مرۆڤ گیان لەبەرێکی ناتق و خاوەن ئەقڵ و شعورە، کەچی بە شێوەی جۆراو جۆر و لەڕێگای ئایین و بەناوی ئیلاهیشەوە بەردەوام قەتل و عامی یەکتری دەکات، ئه‌مه‌ش‌بۆ خۆی گەورەترین سووكایه‌تیكردنه‌به به‌هاكانی مرۆڤایه‌تی، بە کائینات، بەو کەسانەی کە بەڕاستی باوەڕیان بەخوا و بە ئایینی خوا هەیە، سووكایه‌تیكردنه‌به‌ڕێباز و ناوی پەروەردگاریش.

لە کۆتایی نووسینەکەمدا هیوادار و داواکارم لە رێبه‌ران و زانایانی ئایینی ئیسلام کە ئه‌م خۆ کوژی و سەر بڕین و خوێن ڕشتنە‌یەک لایی بکەنەوە. ئەگەر خۆکوژی و سه‌ربڕین كولتووری عه‌ره‌به‌و تێكه‌ڵ به‌ئایینی ئیسلام ده‌كرێت، ڕاشکاوانە ڕایبگەیەنن، دەنا ئەم خوێن ڕشتن و کارە تیروریسییانە لە گەورەیی ئایینی ئیسلام کەم دەکاتەوە و دەبێتە ڕووی ڕاستەقینەی ئەو ئایینە و بێزار بوونی پەیڕەوانی ئایینەکەش.