ئایا ڕاستە لە جێگای سروشتی سەرسەوز، ماددەی هۆشبەر بۆتە ناسنامەی سەردەشت؟

12:41 - 2 خەزەڵوەر 2713
Unknown Author
ڕێبوار ئەحمەدزادە

ئەو سەردەشتەی کە هەمیشە بێشکەی کوردایەتی بووە و مرۆڤ بون لە ئەوێ واتای ڕاستەقینەی هەبو. بەداخەوە ماوەیەکە سەردەشت بۆتە بنکەی دروست کردنی یەکێک لە کوشندەترین جۆری ماددە هۆشبەرەکان بە ناوی شیشە بە جۆرێک کە لە ئەوێوە بۆ شارو ناوچەکانی دیکەی کوردستان و تەنانەت \"ئێرانیش\" هەناردە دەکرێ.

هێدی هێدی شەوی تاریک و ئەنگوستە چاو کۆتایی پێ دێت و روناکی بەرەبەیانی جێگاکەی دەگرێتەوە و منیش لەگەڵ هەموو شتێک گیرۆدە و دەست بە یەخەم.

ماوەیەکی دورودرێژە بۆ خەوێکی ئارام دەجەنگم. بیروهۆشم گیرۆدەی مرۆڤایەتیەکە کە فرۆشتویانە. بەدوای چارەسەری‌دا دەگەڕێم. دەبێ بجەنگم و بنووسم. لەبارەی شارێکەوە بنوسم کە سەردەمانێک سروشتە جوانەکەی نیشانەو هێمای ئەو بوو، بەڵام مەخابن ئێستاکە شیشە (جۆرێک ماددەی هۆشبەر) جێگای ئەوی گرتۆتەوە.

لە بارەی خەڵکانێکی پاک و جوامێر و مێرخاس و سادە بنووسم کە هەندێک \"مرۆڤی\" دەغەڵ و چلکاوخۆر و خۆ فرۆش ناو و ڕەسەنایەتیەکەیانیانی پەڵەدار کردووە.

دەمهەوێ لەسەر میلیاردێرەکانی ئەمڕۆی شارەکەم و ئەو کەسانەی کە رێزیان لێ دەگرن، بنووسم. دەمهەوێ لەسەر حەب و شیشە و ماددە هۆشبەرەکان بنووسم. لەسەر ئەو کەسانەی کە سات و سەودا بە مرۆڤایەتی و خودا و بەها پیرۆزەکانیشەوە دەکەن، بنووسم.

دەمهەوێ لەسەر کۆشک و ویلا و خاوەنەکانیان قسە بکەم کە تا دوێنێ لەسەر سیفر دەخولانەوە، بەڵام ئەمڕۆ بۆ دەست خستنی پووڵ و پارە، مرۆڤ بون و شەرەف و نامووسی خۆیان دەفرۆشن.
 
بێ خەوی من زۆر لەمێـژە بۆتە هاودەمی من. کاتێک بیر لە ژنێک دەکەمەوە کە بۆ کڕینی دەرمانی مێردەکەی لەش فرۆشی دەکات، منداڵیک کە بە موعتادی دێتە دونیا، لاشە کرم لێ دراوەکان کە بە هۆی دیتنیان ماوەیەکی زۆر نەمتوانی هیچ بخۆم، مێشکە ناتەواوەکان، ئابڕوو لە دەست چووەکان، دایک و باوکی ئەو گەنجانەی کە لەلایەن فرۆشیارانی مەرگەوە گیرۆدە و موعتادی ماددە هۆشبەرەکان کراون، ژیانە تێدا چووەکان، گیانە ئەستێندراوەکان و زیندووە مردووەکان، پووڵ و پارە پیسەکانی کە لەو ڕێگایەوە وەدەست دێن و... خەوم لێ ناکەوێت.

تێ ماوم لەو کەسانەی کە سات و سەودا بە ماددە هۆشبەرەکانەوە دەکەن یان بەرهەمیان دێنن !!! کاتێک دەبینن کە خشتی یەکەمی ژیانیان تا دەگاتە خشتی کۆتایی بەو پوڵ و پارە چەپەڵانە بە خواری و لاری لەسەر یەک داناوە، ئیدی چۆن بە هاسانی شەوانە سەر دەخەنە سەر سەرین؟؟؟!!!
 
بەڵێ ئەو شارەی کە ئێستا بۆتە بنکەی دروست کردنی ماددەی ماڵوێرانکەر و هۆشبەری <<شیشە>> هەر هەمان شارە خنجیلانە و کوردپەروەرەکەی سەردەشتی سەرسەوزە.

ئەو سەردەشتەی کە هەمیشە بێشکەی کوردایەتی بووە و مرۆڤ بون لە ئەوێ واتای ڕاستەقینەی هەبو. بەداخەوە ماوەیەکە سەردەشت بۆتە بنکەی دروست کردنی یەکێک لە کوشندەترین جۆری ماددە هۆشبەرەکان بە ناوی شیشە بە جۆرێک کە لە ئەوێوە بۆ شارو ناوچەکانی دیکەی کوردستان و تەنانەت \"ئێرانیش\" هەناردە دەکرێ.

لێرەدا ئەوەی کە جێگای پرسیارە ئەوەیە کە ئاخۆ چۆنە کاربەدەستە بەناو ئاساییش پارێزەکانی کۆماری ئیسلامی ڕێگری لەو دیاردە ماڵوێرانکارە ناگرن و ئەنجامدەرانی سزا نادەن؟
تۆ بڵێی دیاردەیەک کە تەنانەت هەر منداڵ و هەرزەکارێکی شار و ناوچەکەش هەستی پێکردوە و دەیزانێ، کاربەدەستەکانی کۆماری ئیسلامی لێی بێ ئاگا بن؟؟؟!!!

ئەی چۆنە کاتێک کەسێک بە شێوەیەکی شاراوە و لە پشتی حەوت پەردەوە لە ڕێگەی تەلەفون یان چات و نوسینەوە شتێک بڵێ یان بنوسێ کە جێگای گومانی دەزگا هەواڵگریەکانی ڕژێم بێت، لە کەمترین ماوەدا دەست بەسەری دەکەن و دەیخەنە ژێر لێکۆڵینەوە و زۆر کاتیش سزای قورسی زیندان و تەنانەت لە سێدارە دانیشی بەسەردا دەسەپێنن؟؟؟!!!
 
بەڵام وادیارە کورد وتەنی ئەو ماستە بێ موو نییە و دز و خاوەن ماڵ دەست بەیەک بوون، بۆیە دەتوانن گا بە کولانەدا هەڵبکێشن. خەڵکی ناوچەکە زۆر باش ئەو کەس و لایەنانە دەناسن کە کارگای دروست کردنی ئەو ماددە هۆشبەرە مەترسیدارەیان هەیە و تەنانەت زۆر جاریش کاربەدەستەکانیان لێ ئاگادار کردۆتەوە و سکاڵایان لەسەر تۆمار تۆمار کردوون، بەڵام بە داخەوە هەوڵەکانیان بێ ئاکام ماوەتەوە.
 
هۆکارەکەشی دەتوانێ دوو شت بێت: یەکەم بڵاو کردنەوەی ماددە هۆشبەرەکان و گیرۆدە کردنی گەنج و لاوی کورد هەر لە بنەڕەتدا سیاسەتێکی پلان بۆ داڕێژراوی کۆماری ئیسلامی \"ئێران\" بووە و هەیە. هەر وەک چۆن ڕەحیمی پارێزگاری ئەو کاتی پارێزگای سنە لە نامەیەکی نهێنیدا بۆ کاربەدەستە باڵاکانی ڕژێم نوسیبوی: توانیومانە کڵاشینکۆف و ئار.پی.جی لە شانی گەنج و لاوی کورد بهێنینە خوارەوە و لە جێگای ئەو وافور ومەنقەڵ و کەرەسەی کێشانی ماددە هۆشبەرەکانیان بدەینە دەست.

دووهەم: بۆ هەموو کەس و لایەک روون و ئاشکرایە کە خاوەن کارگاکان و فرۆشیارانی ئەو ماددە ماڵوێرانکار و هۆشبەرانە، دەست و پێوەندەکانی ڕژێمن، واتە ئەو کەسانەن کە لە کوردەواریدا پێیان دەڵێن جاش و کەسانی خۆفرۆش و ئالقە لە گوێ و بێ ویژدان و چڵکاو خۆر.

بۆیە پێویستە و ئەرکی سەرشانی هەر تاکێکی دڵسۆز و خاوەن ویژدانی کورد بە تایبەتی خەڵکی بە شەرەف و کوردپەروەری شارە پاک و بێگەردەکەی سەردەشتی سەرسەوز و دەوروبەریەتی کە بەرپەرچی ئەو پلانە گڵاوو پلان بۆ داڕێژراوەی سوێند خواردوانی داگیرکەری \"ئێران\" بدەنەوە و بە هەموو شێوەیەک دژی بوەستنەوە.

با لە جێگای رێزگرتن لەو کوردە جاش و خۆفرۆشانە، کاتی گەییشتن پێیان ڕوویان لێ وەربگێڕن و بە جۆرێک لە جۆرەکان پێیان نیشان بدەن کە هیچ جێگەو پێگەیەکیان لە ناو کۆمەڵگا دا نییە و ئەو پووڵ و پارە و سەروەتەی کە لەو ڕێگا چەپەڵەوە بەدەستیان هێناوە نەک نابێتە هۆی بە ناوبانگ بون و مایەی ڕێز لێ گرتنیان، بەڵکو بە پێچەوانە دەبێتە هۆی ئەوەی کە کۆمەڵگا قیزیان لێ بکا و وەک کەسانێکی پەست و بێ ویژدان و دڕندە و.... بیان ناسن.

ئەم بابەتە روانگەی نووسەرەکەیەتی و \"ئاژانسی کوردپا\" لەمەڕ ناوەرۆکەکەی بەرپرسیار نییە.