ئاگرکەوتنەوە بوو بەهۆی سووتانی زیاتر لە هێکتارێک گەنم و جۆ لە سەرپێڵ‌‌ زەهاو

12:57 - 3 جۆزەردان 2720

ڕۆژی هەینی ٢ی بانەمەڕ، بەهۆی ئاگرکەوتنەوە لە بەرزاییەکانی گوندی "زەڕین چووبـ"ـی  شاری سەرپێڵی زەهاو، زیاتر لە هێکتارێک گەنم و جۆی دانیشتووانی گوندی "ئەلیاس مەحموود"، سووتان.

فەرمانداریی شاری سەرپێڵ ‌زەهاو لە وتووژێکدا لەگەڵ هەواڵدەریی "ئیلنا" ڕایگەیاند: "بەهۆی ئاگرکەوتنەوە زیاتر لە هێکتارێک گەنم و جۆی دانیشتووانی گوندی ئەلیاس مەحموود سووتان".

"موحیبەت جەماڵی‌ نیا"، هەروەها ڕایگەیاند: "هاووڵاتییانی دانیشتووی ئەو گوندانە بۆ خۆیان هەوڵی کوژاندنەوە و کۆنتڕۆڵکردنی ئاگرەکەیان بە ئیمکاناتی کەمەوە دابوو، بەڵام لە کۆتاییدا هێکتارێک گەنم و جۆ لەو ئاگرکەوتنەوەدا سووتان".

شاری سەرپێڵ ‌زەهاو لە ڕۆژئاوای پارێزگای کرماشان هەڵکەوتووە و زیاتر لە ٩٠ هەزار حەشیمەتی هەیە و ٤٤ کیلۆمیتر سنووری هاوبەشی لەگەڵ هەرێمی کوردستان هەیە و زیاتر لە ٨٨ هەزار هێکتار سەرچاوەی سروشتیی دارستان و لێڕەواری هەیە.