ئاژاوەگێڕان رادەستی برایانی ئێران کەنەوە!

12:49 - 14 سەرماوەز 2713
Unknown Author
شەریف بەهرۆز

نزیک بە مانگێکە ٧ چالاکڤانی مەدەنی بە بێ لێکۆلینەوە و ئیزنی یاسایی لە گرتووخانەی مەحەتە لە شاری هەولێر دەستبەسەر کراون.

ئەو چالاکڤانانە پاش خۆپێشاندانی هێمنانەی رۆژی هەینی ٨ی نوامبر دەستبەسەر کران کە لە شاری هەولێر، پێتەختی هەێمی باشووری کوردستان، بۆ نا ووتن بە ئێعدامی چالاکڤانی سیاسی لە نێو خۆی رۆژهەڵات بە دەستی رژێمی سێدارەی ئێران.

پاش خۆپێشاندانە هێمنەکە، کە ئەم حەوت کەسە گیراوە هێندێک لە رێکخەرانی بوون، هێندێک لاو و چالاکی زامدار و خوێنگەرم و تووڕە هێڕشیان بردە سەر هێلانەی سیخووری رژێمی دێوەزمی سێدارە و رەجمیان کرد.

وێدەچێ کە دەسەڵاتی کوردی بە هەماهەنگی لانەی سیخووری رژێم، کە قاسمی سلێمانی بەرپرسی سپای قودسی رژێم ماوەیەک پێش ئەو سەردانی بەرپرسانی باڵای حکوومەتی کوردی کردبوو، و بە پلانی دارێژڕاو هیچ بەربەستێکیان بۆ هێرشکەرانی بەردەم ئەم بنکە نفرینە دروست نەکردبوو و کەسییان لە \"ئاژاوەگێڕان\"، (بە قسەی سەرۆکی حکوومەتی هەرێمی کوردی) - لەجێ و پاش هێرشەکەش – دەستبەسەر نەکردبوو.

گەرچی زۆر لە دەسکەوتەکانی ئەم هەرێمە جێگای شانازییە بۆ هەر تاکێکی کورد، باسی پرۆسەی (نا) یاسایی لەم هەرێمە ناکەم و کەمایەسییەکان و نەهامەتییەکان بەتەواوی جێگای تێگەیشتنن، بەڵام ئەوەی بۆ من جێگای سرنجە و منی هان دا ئەم چەند دێڕە رەش کەمەوە، ووتەکانی ئەمرۆی جێگری سەرۆکی پارتی دێموکراتی کوردستان و سەرۆکی حکەومەتی هەرێم کوردی بوو کە لە وڵامی پرسیارێکدا لەمبارەوە بە میدیاکانی دا. نابراو ئەم چەند کەسە گیراوەی وەک \"ئاژاوەگێر\" ناوبرد و ووتی بە پێی یاساکانی هەرێم هەڵسووکەوتیان لەگەڵ دەکرێ. دیارە زۆر جێگای شوکرە کە تا ئێستا تووشی چارەسەری هێرشکەرانی بەردەم بارەگای پارتی ناوبراو لە سلێمانی نەهاتوونە. جێگای باسی ئێمەش لێرە نییە کە ئایا ئەوانی هێرشیان کردە سەر بارەگای پارتی ئاژاوەگێڕ بوون یان نا.

ئەگەر ئاژاوەگێڕ بوون بۆ نەگیران بۆ تاقە رۆژێکیش و ئەگەر نەبوون بۆچی بە بێ سڵەمینەوە لە خوێن گەوزان و ئێستاش پێداچوونەوەی یاسایی بە پێی یاسایی هەرێمیان بەدوادا نەکرا.

گرێپووچکەی گیرانی ئەم ٧ کەسە بێتاوانە لەوەدایە کە ئەمانە خەڵکی رۆژهەڵاتی هەتیون، کە بە دەیان ساڵە بۆتە قوربانیی بەرژوەندی ئەو هەرێمە کوردییەی کە ئێستا بە \"ئاژاوەگێڕ\" نێویان دەبات. ئەم رۆڵانە و ئەوانەی تری نیشتەجێ لەم هەرێمەدا لە چەنگ رژێمی سێدارە رایان کردووە، چوونکە لەوێ سەردانەنواندن و سەربزێوییان هەڵبژاردووە و هەڵوەدای ئەم دیوە بوونە، بەڵام رەوتی رووداوەکان بە تایبەتی گیرانی نایاسایی ئەم حەوت چالاکڤانە بێتاوانە ئەوەمان پێدەڵات کە گەلۆ ئەو بێدەنگییەی کە ئێستا دەسەڵاتداران لە هەرێمی کوردی داوایان لێدەکەن ، لە بەرامبەر رژێمی سێدارەدا رەچاویان کردبا چ پێویست دەبوو ئەمڕۆ ئاوارە و دوور لە زێد و نیشتمان و کەسوکاریان بن و خراپتریش بکەوتبایەنە سوچی بەندی دەسەڵاتی کوردی و بێڕێزی خوشک و برای کورد.

ئەم درامایە تاڵە جارێکی تر قایماغی برینێکی ٤٦ ساڵە هەڵدەداتەوە کە سەرکردەکانی ئەم کاتی شۆرش کەم ئەم کاتیش بەشێک لەم هەرێمەی باشووریان بەدەستەوە بوو دەیانگووت: هەر کەس ئێرانی هاتووچۆی ئەم دیو بکا لاقی ئەپەڕێنین و تەنانەت تا تاران پێشمەرگەی وەدوا دەخەین و دەیگرین و سزای دەدەین. ئەو کاتی سەرکردەکانی شۆڕش تاقە دوو رێگایان رووبەڕووی \"برادەرانی ئێرانی دانیشتووی عێراق\" کردبووە: یا توانەوە لە ناو شۆڕشدا و دەست لە ئێران هەڵگرتن، یان چوونەوە ئێران و دەست لە عێراق هەڵگرتن.

زۆربەی ئەو هەڕەشانەی کە سەرکردەکانی ئەو دەمی شۆڕش لە برادەرانی کوردی ئێرانیان دەکرد ئەمڕۆ بە ئاسانی بۆیان چۆتە سەرێ و تەنیا ئەو بەشەی ماوە کە بەرادەست کردنەوەی ئەم ٧ \"ئاژاوەگێڕە\" بۆ \"برایانی ئێرانی\" جارێکی تریش مێژوو دووپات کەنەوە و برایەتی و گوێ لە مستیی خۆیان بە برایانی سپای پاسداران و ئیتلاعات و ساواک و هەموو دەزگا سیخوڕییەکان بسەملێنن و هەرێمەکەیان لە چەنگ \"ئاژاوەگێڕان\" پاک کەنەوە و هەڤاڵان و بنەماڵەی ئەم ٧ چالاکەش چیتر چاوەڕوان رامەگرن.

رسم و رە آزادی یا پیشە نباید کرد *** یا آنکە زجان بازی اندیشە نباید کرد