ئاپارتایدی رەگەزی لە ئێران و سەرچاوەکەی

14:07 - 30 گەلاوێژ 2714
Unknown Author
کەژاڵ حاجی میرزایی

ماوەیەکە دیسان گەڵاڵەی جیاکردنەوەی رەگەزی لە ئێران بۆتە رۆژەڤی راگەیەنەرەکان و بۆتە یەکێک لەو بابەتانەی(بە رواڵەت) مشت و مڕی نێوان باڵەکانی نێو کۆماری ئیسلامی لێکەوتۆتەوە. دوایین بڕیارێک کە بۆ جیاکردنەوەی ژنان و پیاوان دەرکرا لە لایەن شارەداری تاران و هەروەها ئیدارەی ئیرشادی ئیسلامی ورمێ و تەورێز و چەند شارێکی تر بوو. ئەوە لە کاتێکدایە کە پێشتریش لە دەوڵەتی ئەحمەدی نژاددا پلانێک هەبوو بۆ جیاکردنەوەی کچان و کوڕانی خوێندکار لە زانکۆکاندا.

سەرچاوەی گەڵاڵەی جیاکردنەوەی رەگەزی دەگەرێتەوە بۆ گەڵاڵەی ئیسلامی کردنی زانکوکان لە سەرەتاکانی دوای دامەزرانی کۆماری ئیسلامی کە لە دەوڵتی ئەحمەدی نژادا بە شێوەیکی سیستماتیک کاری لەسەر کرا و بەرێوە دەچوو.

بە دوای سەرکەوتنی شۆرشی ١٣٥٧ی ئیران، خومەینی فەرمانی حیجاب و ئیسلامی کردنی کۆمەڵگای بە خەڵک دا و بۆ بەرێوە بردنی ئەو بڕیارە لە بەرامبەر نارەزایەتی خەڵک، توندو تێژی زۆریان نیشان دا و زۆر کەسیان دەسبەسەر کرد.

لە یەکەمین ساڵی دوای دامەزرانی کۆماری ئیسلامی، لە رۆژی جیهانی ژندا خومەینی فەرمانی دا \"ئەو ژنانەی کە لە ئیدارەکاندا کار دەکەن، دەبێ بە حیجابی ئیسلامیەوە بچنەوە نێو ئیدارەکان و نابێ بە بێ حیجابی تووشی گوناحی گەورە بن، کێشە نییە با ژنانیش کار بکەن بەڵام بە \"حفظ جهات شرعی\"\". پێش یاسایی بوونی حیجاب، لە ١٦/٤/١٣٥٩ دا لە لایەن شوڕای ئێنقلابەوە بە فەرمی ئێعلام کرا کە ژنان دەبێ بە حیجابی ئیسلامییەوە بچنە سەرکار لە ئیدارەکاندا.

بە بیستنی ئەو فەرمانەی خومەینی خەڵک نارەزایەتی خۆیان دەربری و لە هەوەڵین ساڵی رێپێوانیان لە ٨ی مارس واتا رۆژی جیهانی ژن، بە درووشمی \"ئێمە چارشێوی زۆرەملیمان ناوێ\" نارەزایەتی خۆیانیان دەربڕی، بەڵام بە داخەوە لە وڵامدا درووشمی\" یا لەچکە یا سەرکوت\"یان بیستەوە و رەفتارێکی زۆریان لە لایەن حکوومەتییەکانەوە لە گەڵ کرا و بێ رێزی زۆر بە ژنانی بێ حیجاب کرا.

لە یەکەمین مانگی دامەزراندنی کۆماری ئیسڵامیدا، خومەینی لە پەیامێکدا ٨ی مارسی(رۆژی جیهانی ژن) بێ ئێعتبار ناساند و رۆژی لە دایک بوونی کچەکەی پەیغەمبەری ئیسلامی بە نێوی رۆژی ژن لە ئێراندا راگەیاند.

هەروەها ماوەیەک دواتر لە ساڵی ١٣٥٩ی هەتاویدا بە دوای ئەو سەرکوت و زەبر و زەنگانەی کە لە بەرامبەر زانکۆکاندا نیشان درا و ناوی \"شۆڕشی فەرهەنگی\" لێنرا، بۆ ماوەی سێ ساڵ زانکۆکانیان بە بیانووی ئیسلامی کردن داخست و بە سەدان مامۆستا و خوێندکاریان وەدەرنا تا کوو بتوانن ئەو ئامانج و بەرنامانەی کە لە پێوەندی لەگەڵ سەپاندنی بایەخ و رێوشوێنەکانی حەوزە بە سەر زانکۆکان هەیانە بەڕێوەبەرن و بە قەولی خۆیان شەریعەتی ئیسلامی لە زانکۆکاندا جێگیر بکەن.

لە راستیدا ئەوە سیاسەتی راستەقینە و رەسمی کۆماری ئیسلامی بووە کە ویستوویەتی هەر چۆن ئیسلام و بایەخە ئیسلامییەکانی تێکەڵ بە سیاسەت کرد و بە واتایەکی دیکە بە سەر پێوەندییە کۆمەڵایەتییەکانیدا سەپاند، هەر ئاوا زانکۆکانیش بەو شێوەیە بە دڵی خۆی ئیسلامیزە بکا و حەوزەیان بەسەردا بسەپێنێ. جێگای ئاماژەیە ئەو سیاسەتە لە

دەورەی ئەحمەدی نژاد دا گەیشتە ترۆپکی خۆی. بۆیە بە فەرمان و رێنوێنی خامنەیی باسی ئیسلامی کردنی رشتەکانی زانستی مرۆیی هاتە گورێ و لە لایکی تریشەوە جیاکردنەوەی رەگەزی یان تەفکیکی جنسییەتی لە وەزارەتی علوومدا بەخشنامەی بۆ دەرکرا. ئەوە بەشێک لە شوناسی کۆماری ئیسلامییە کە لە سەدەی بیست و یەکدا و تا ئێستا لە سەرەتاییترین پێوەندییە مرۆڤییەکان تێنەگەیشتووە و لە کاتێکدا کە سەردەمی بە جیهانی بوون و پێوەندییەکانە، هەوڵی بچڕاندنی مرۆڤەکان لە یەکتر دەدات.

هەرچەن ئەو رژیمە، بە بۆنەی خسڵەتی رادیکاڵ و ئازادیخوازانەی زانکۆ نەیتوانیوە بە تەواوی ئەو سیاسەتانەی خۆی بە سەر خوێندکاران و تەنانەت مامۆستایانیشدا پسەپێنێ، بەڵام هەبوون هێندێک زانکۆ وەکوو زانکۆی عەلامە تەباتەبایی و زانکۆی چەمرانی ئەهواز کە بەرێوبەرەکانیان سەر بە باڵی هەرە توندرەوی رژیم بوون ئەو گەڵاڵەیەیان بەرێوە برد، ئەو گەڵاڵەیە تا رادەیک دواکەوتووانە و مورتەجعانە بوو کە تەنانەت ئەحمەدی نژادیش لە کۆتاییەکانی دەورەی دەوڵەتەکەی خۆیدا، خۆی لێ بێ سێحەب دەکرد و لە راستیدا بۆ چاک کردنەوەی دەمووچاوی دژە خەڵکی و نادمیۆکراتیکەکەی، نارەزایەتی خۆی سەبارەت بەو مەسەلەیە دەربڕی. سیاسەتی جیاکردنەوەی رەگەزی لە زانکۆکاندا نارەزایەتی و ئیعترازی زۆری خوێندکاران و تەنانەت خەڵکیشی بە دوای خۆیا هێنا.

بەڵام دەبێ ئەویش لەبەر چاو بگرین کە جارێکی تر زانکۆ سەلماندی کە سەنگەری لە گیران نەهاتووی ئازادییە و دەسەڵاتی ئائینئ کۆماری ئیسلامی ناتوانێ بە ئاسانی ئامانجەکانی خۆی بۆ ئیسلامیزە کردنی زانکۆ بپێکێ،. هەر بۆیە روحانیش کە بە هێندێک درووشمی جیاواز لە ئەحمەدینژاد توانی دەنگی خەڵک کۆ بکاتەوە نایهەوەی سیاسەتە شکەست خواردووەکانی رابردوو دیسان دووبارە بکاتەوە بۆیە هەندێک جیاوازی لە تاکتیکی روحانی لە چاو ئەحمەدی نژاد بە نیسبەت جیاکردنەوەی رەگەزی دەبینرێ. بەڵام ئەوە حاشاهەڵنەگرە کە سەرچاوەی هەموو ئەو کێشانەی کە لە پێوەندییە سیاسییەکانی ناو و دەرەوەی کۆماری ئیسلامیدا خۆیان دەردەخەن پێکهاتەی دواکەوتووانە و دیکتاتۆریانەی کۆماری ئیسلامییە کە بە درێژایی تەمەنی خۆی ویستوویەتی پێوەر و ستانداردەکانی ئیدئۆلۆژی فاشیستانەی خۆی بە سەر کۆمەڵگا و مێژوودا بسەپێنێ. بۆیە هەر دەمەو تێکهەڵچوونێکی نێوخۆیی و دەرەکی لێدەکەوێتەوە و قەیرانێکی دیکە ساز دەبێ کەچی دووکەڵی هەموو ئەو قەیرانانە دەچێتە نێو چاوی خەڵکی چەوساوە و بە تایبەتی نەوەی نوێ.