66مین ساڵڕۆژی دامەزراندنی كۆماری كوردستان لە شاری هەولێر بەرز راگیرا

21:12 - 30 رێبەندان 2711
كوردپا، بە ئامادە بوونی سەرۆكی هەرێمی كوردستان و نوێنەرانی هەر چوار بەشی كوردستان و ژمارەیەك كەسایەتیی بەرچاوی فەرهەنگی و سیاسی کورد و بیانی، ساڵیادی دامەزراندنی كۆماری كوردستان لە شاری هەولێر بەڕێوە چوو.

بەپێی هەواڵی ئاژانسی هەواڵدەریی كوردپا، مەسعوود بارزانی لەو رێورەسمەدا رایگەیاند، دامەزراندنی كۆماری كوردستان بە سەرۆكایەتیی پێشەوا قازی محەممەد وەرچەرخانێكی زۆر گەورە بوو لە مێژووی نەتەوەی كوردا.

\"3516.jpg\"
\"3514.jpg\"
\"3515.jpg\"

بارزانی وتیشی: ئێمە وەكوو نەتەوەی كورد داوای ماف ناكەین، بەڵكوو ئەو مافەمان هەیە و دەبێ‌ لەلایەن دەسەڵاتدارانەوە دانی پێدا بنرێت.

هەواڵنێری ئاژانسی كوردپا لە درێژەی راپۆڕتەكەیدا رایگەیاند، لەو رێورەسمەدا كە لە رێكەوتی 30‌ی رێبەندان لە هۆلی سەعد عەبدوڵڵا لە شاری هەولێر بەڕێوە چوو که تێیدا كۆمەڵێك لە نوێنەرانی حیزبەكانی هەر چوار بەشی كوردستان پەیامیان پێشكەش بە رێوڕەسمەكە كرد.

هەواڵنێرمان ئاشكرای كرد، لە رێورەسمی 66مین ساڵرۆژی دامەزراندنی كۆماری كوردستان، پەیامی جەلال تاڵەبانی سەركۆماری عێراق خوێندرایەوە و دواتریش پەیامی حیزبی دێمۆكراتی كوردستانی ئێران، پارتی ئاشتی و دێمۆكراسی توركیە و حیزبی دێمۆكراتی كوردستان لەلایەن نوێنەرەكانیانەوە خوێندرایەوە.

\"3513.jpg\"
\"3512.jpg\"

لە بەشێكی دیكەی رێوڕەسمەكەدا پەیامی ئەنجومەنی سیاسیی كوردی سووریە پێشكەش بە رێورەسمی ساڵرۆژی دامەزراندنی كۆماری كوردستان كرا و هەروەها چەندین لایەنی سیاسیی وەكوو، پارتی ئازادیی كوردستان و كۆمەڵەی زەحمەتكێشانی كوردستان بەشدار بوون.

لەو رێوڕەسمە چەندین نوێنەری وڵاتانی بیانی و كەسایەتیی سیاسی و فەرهەنگی بۆ وێنە كریس كۆچێرا رۆژنامەنووسی بەناوبانگی فەرانسە لەو رێورەسمەدا حوزووریان هەبوو.

له درێژه‌ی رێوڕەسمی ساڵیادی دامەزراندنی كۆماری كوردستاندا، رێكەوتی 1‌ی رەشەممە لە زانكۆی سەڵاحەدین لە شاری هەولێر لایەنە مێژووییەكانی كۆماری كوردستان تاوتوێ‌ دەكرێن.