مەهاباد؛ دەسبەسەرکردنی سەرەڕۆیانەی میلاد مروەتی، خوێندکاری کورد لەلایەن هێزە ئەمنییەکانەوە
21:07 - 8 گەلاوێژ 2726
ڕۆژی سێشەممە ٦ی گەلاوێژی ١٤٠٥، میلاد مروەتی، کتێبفرۆش و خوێندکاری بەشی یاسای زانکۆی ئازادی مەهاباد بە شێوەیەکی سەرەڕۆیانە لەلایەن هێزە ئەمنییەکانەوە دەسبەسەر کرا و بۆ شوێنێکی نادیار گوازرایەوە.
بە وتەی سەرچاوەیەکی ئاگادار بە کوردپا، هێزە ئەمنییەکان بەبێ بەڵگەی یاسایی ئەم هاووڵاتییە کوردەیان لە شوێنی کارەکەی دەسبەسەر کردووە و هەروەها دەستیان بە پشکنینی کتێبفرۆشییەکەی بە ناوی «هێڤی»دا کردووە.
ئەم سەرچاوە ئاگادارە زیادی کرد: هێزە ئەمنییەکان ژمارەیەک لە کەلوپەلە تایبەتییەکانی ئەم خوێندکارە کوردە لەوانە لپتاپەکەیان زەوت کردووە و لەگەڵ خۆیان بردوویانە.
هەتا کاتی بڵاوبوونەوەی ئەم هەواڵە، زانیارییەک لەسەر هۆکاری دەسبەسەرکردن و تۆمەتە ئاراستەکراوەکان دژی میلاد مروەتی لەبەر دەستدا نییە.