تاران؛ ڕێبوار مارابی، لاوی کوردی دەسبەسەرکراوی مانگی بەفرانبار، سزای ١٠ ساڵ بەندکرانی بەسەردا سەپێندرا

16:21 - 7 پووشپەڕ 2726

٧ی پووشپەڕی ١٤٠٥؛ "ڕێبوار مارابی"، لاوی تەمەن ٢٧ ساڵەی خەڵکی کامێران و دانیشتووی تاران، کە یەکێک لە دەسبەسەرکراوانی خۆپیشاندانەکانی مانگی بەفرانباری ١٤٠٤ بوو، سزای ١٠ ساڵ بەندکرانی داسەپاوی بەسەردا سەپێندرا. ئەم سزایە لە قۆناغی پێداچوونەوەدا بۆ ٦ ساڵ بەندکرانی داسەپاو و ٤ ساڵ بەندکرانی هەڵپەسێردراو گۆڕدرا.

بەپێی زانیارییەکانی کوردپا و هەندێک لە بەڵگەنامەکانی دۆسییەکە، "ڕێبوار مارابی" لە مانگی ڕێبەندانی ١٤٠٤دا بە تۆمەتی "کۆبوونەوە و تەبانی بە مەبەستی ئەنجامدانی تاوان دژی ئاسایشی وڵات (ناوخۆیی/دەرەکی)" لەلایەن لقی ٢٨ی دادگای ئینقلابی تارانەوە بە سەرۆکایەتیی دادوەر "محەممەدڕەزا عەمووزادە" لە قۆناغی سەرەتاییدا سزای ١٠ ساڵ بەندکرانی داسەپاوی بەسەردا سەپێندرابوو.

دوای ناڕەزایەتیدەربڕین بەم سزایە، لقی ٣٦ی دادگای پێداچوونەوەی کۆمەڵگەی دادوەریی شەهید سولەیمانی، سزاکەی بۆ ٦ ساڵ بەندکرانی داسەپاو و ٤ ساڵ بەندکرانی هەڵپەسێردراو گۆڕی.

"ڕێبوار مارابی" لە ٢١ی بەفرانباری ١٤٠٤دا لەلایەن هێزە ئەمنییەکانەوە، بەبێ بەڵگەی یاسایی، دەسبەسەر کرا و بۆ زیندانی تاران گەورە (فەشافوویە) گوازرایەوە. ئەو دوای زیاتر لە مانگێک دەسبەسەرکردن، لە ڕەشەمەی ١٤٠٤دا بە دانانی بارمتە بە شێوەیەکی کاتی لە زیندانی تارانی گەورە ئازاد کرا. ناوبراو لە ماوەی دەسبەسەرکردنی سەرەڕۆیانەیدا، لە مافی دەستڕاگەیشتن بە پارێزەر، چاوپێکەتن و پەیوەندی لەگەڵ بنەماڵەکەی بێبەش کرابوو.

"ڕێبوار مارابی"، لاوی تەمەن ٢٧ ساڵان و خەڵکی گوندی "ماراو"ی سەر بە شاری کامێران لە پارێزگای کوردستان و دانیشتووی تارانە، کە چەند ساڵێکە وەک سەرئاشپەز لە چێشتخانەیەکدا سەرقاڵی کارکردنە.