نەغەدە؛ بەردەوامی دەسبەسەرکرانی سەرەڕوویانە و ناڕوونیی چارەنووسی ئالان حیکمەتی ڕاد، مامۆستای زمانی ئینگلیزی
١١ی بانەمەڕی ۱۴۰۵؛ ئالان حیکمەتی ڕاد، مامۆستای زمانی ئینگلیزیی خەڵکی مەهاباد ڕێکەوتی ١٨ی خاکەلێوەی ١٤٠٥ لەلایەن هێزە ئەمنییەتییەکانەوە دەسبەسەرکراوە و بە بڕیاری دەسبەسەرکرانی کاتی لە زیندانی نەغەدە ڕاگیراوە.
بە وتەی سەرچاوەیەکی ئاگادار، ئەم مامۆستایەی زمانی ئینگلیزی بەبێ بەڵگەی یاسایی لە یەکێک لە شەقامەکانی شاری مەهاباد لەلایەن هێزە ئەمنییەتییەکانەوە دەسبەسەرکراوە و هەروها هێزە ئەمنییەتییەکان هێندێک لە کەرەستەی شەخسی بنەماڵەی ناوبراویان لەگەڵ خۆیان بردووە.
ئالان حیکمەتی ڕاد خاوەنی بڕوانامەی ماستەری زمان و وێژەی ئینگلیزییە.
هەتا کاتی بڵاوکردنەوەی ئەم هەواڵە، هۆکاری دەسبەسەرکرانی ئالان حیکمەتی ڕاد ڕوون نەکراوە و هێزە ئەمنییەتییەکان هیچ ڕوونکردنەوەیەکیان لەم بارەیەوە نەداوە. ئەم هاووڵاتییە تاکوو ئێستا لە مافی دەسپێڕاگەیشتن بە پارێزەر و چاوپێکەوتن لەگەڵ بنەماڵە بێبەری بووە.