مەهاباد؛ تێپەڕبوونی چوار ڕۆژ لە دەستبەسەرکرانی سەرەڕۆیانه و ناڕوونیی چارەنووسی ئەنوەر مەولوودی و ئاوات ڕۆستەمی
١٩ی ڕەشەمەی ١٤٠٤ – سەرەڕای تێپەڕبوونی چوار ڕۆژ لە دەستبەسەرکرانی سەرەڕۆیانه دوو هاووڵاتیی کوردی خەڵکی مەهاباد بە ناوەکانی «ئەنوەر مەولوودی» و «ئاوات ڕۆستەمی»، هێشتا هیچ زانیارییەک لەبارەی چارەنووس و شوێنی ڕاگرتنیان لە بەردەست نییە.
سەرچاوەیەکی ئاگادار لەگەڵ پشتڕاستکردنەوەی ئەم هەواڵە بە «کوردپای»ڕاگەیاند: لە ١٥ی ڕەشەمەی ١٤٠٤، «ئەنور مەولوودی» هاووڵاتیی کوردی ٤٠ ساڵەی خەڵکی گوندی «خێرئاوا» سەر بە ناوچەی شاماتی مەهاباد و «ئاوات رۆستەمی» هاووڵاتیی ٤٠ ساڵەی خەڵکی گوندی «خۆرخۆرە»ـی مەهاباد، بەبێ پیشاندانی حوکمی یاسایی لەلایەن هێزەکانی ئیدارەی ئیتلاعات لە بۆکان دەستبەسەر کراون و بۆ شوێنێکی نادیار گوازراونەتەوە.
بەپێی وتەی ئەم سەرچاوەیە، تا کاتی بڵاوکردنەوەی ئەم هەواڵە هیچ زانیارییەک لەبارەی هۆکاری دەستبەسەرکرانی ئەم دوو هاووڵاتییە بڵاو نەکراوەتەوە و هێزە ئەمنییەکانیش لەم بارەیەوە هیچ چەشنە ڕوونکردنەوەیەکیاننەداوە. هەروەها ئەم هاووڵاتییانە لە کاتی دەستبەسەرکردنەکەیانەوە تاکوو ئێستا لە مافی دەسپێڕاگەیشتن به پارێزەر و چاوپێکەوتن لەگەڵ بنەماڵەکانیان بێبەش کراون.