بەندیخانەی دیزڵ ئاوا؛ کیومەرس واعێزی و مێهدی باقری دەستیان داوە مانگرتن
١٨ی ڕەشەمەی ١٤٠٤؛ «کەیۆمەرس واعێزی»، مامۆستای خانەنشینکراو و چالاکی ئەنجومەنی سینفی مامۆستایان، و هەروەها مێهدی باقری، دوو بەندکراوی سیاسی لە زیندانی دیزڵ ئاوای کرماشان، لە دوێنێوە بە هۆی دەستێوەردانی هێزە ئەمنییەکان لە پرۆسەی پێداچوونەوە بە پەروەندەکەیان، دەستیان داوەتە مانگرتن لە خواردن و بەو شێوەیە ناڕەزایەتی خۆیان دەربڕیوە.
شوورای هەماهەنگی ڕێکخراوە سندیکاییەکانی فەرھەنگیانی ئێران بە بڵاوکردنەوەی ئەم هەواڵە نووسی: ڕۆژی یەکشەممە ١٧ی ڕەشەمەی ١٤٠٤، «کەیۆمەرس واعێزی»، و «مێهدی باقری»، دوو زیندانی سیاسی خەڵکی سونقۆڕ کە لە زیندانی دیزڵ ئاوای کرماشاندا زیندانی کراون، لە ناڕەزایەتی دەستێوەردانی هێزە ئەمنییەکان لە پرۆسەی پێداچوونەوە بە پەروەندەکەیان، دەستیان بە مانگرتنی خواردن کردووە. ئەوان ڕایانگەیاندووە کە بەردەوامبوونی فشاری ئەمنی و دەستێوەردان لە پرۆسەی دادگایی پەروەندەکەیان، ناچاری کردوون لە دژی ئەم بارودۆخە دەست بدەنە مانگرتن.
ئەم شوورایه هەروەها لەگەڵ دەربڕینی نیگەرانی سەبارەت بە دۆخی ئەم زیندانیانە، جەختی لەسەر پێویستی ڕچاو کردنی پرۆسەی دادگایی دادپەروەرانە، کۆتایی هێنان بە دەستێوەردانی ئەمنی لە کارە دادگاییەکان و پاراستنی تەندروستی و مافەکانی زیندانیان کردەوە.
١٣ی ڕەشەمەی ١٤٠٤؛ «کەیۆمەرس واعێزی»، چالاکی سێنفی، لەلایەن دادگای ئینقلابی سونقۆڕ بە سەرۆکایەتی دادوەر «سادق تاریوەردی» بە تۆمەتی «کۆبوونەوە و پێکەوە پلان دانان دژی ئاسایشی وڵات» بە چوار ساڵ زیندان (تەعزیری) و بە تۆمەتی «پرۆپاگەندە دژی نیزام» بە یەک ساڵ زیندان (تەعزیری) محکووم کرا.
کەیۆمەرس واعێزی ئێوارەی دووشەممە ١٥ی بەفرانباری ١٤٠٤ لەلایەن هێزە ئەمنییەکان بەبێ پیشاندانی حوکمی یاسایی دەسبەسەر کرا و بۆ شوێنێکی نادیار گوازرایەوە.
ئەو مامۆستایە لە ١٧ی ڕەزبەری ١٤٠١ کاتێک هێزە ئەمنییەکان هێرشیان کردە سەر ماڵەکەی، بەبێ پیشاندانی حوکمی یاسایی دەستبەسەر کرا و دوای تەواوبوونی قۆناغەکانی لێپرسینەوە بە دانانی بارمتە بە شێوەی کاتی تا کۆتایی پرۆسەی دادگاییەکەی ئازاد کرا. لە ٢٤ی خەزەڵوەری ١٤٠١ لە لقی دووهەمی دادگای ئینقلابی کرماشان بە سەرۆکایەتی دادوەر «مەسعوود نوری» پێداچوونەوە بە پەروەندەکەی کرا و لە کۆتاییدا، لە ١٩ی بەفرانباری ١٤٠١، «کەیۆمەرس واعێزی» بە تۆمەتی «پرۆپاگەندە دژی نیزام» بە یەک ساڵ زیندان و بە تۆمەتی «هاندانی خەڵک» بە پێنج ساڵ زیندان محکوم کرا.
«مێهدی باقری»، هاووڵاتییەکی کوردی خەڵکی سۆنقوڕ، لە ڕێکەوتی ١٥ی بەفرانباری ١٤٠٤ لە شەقامی تاڵەقانی کرماشان، لەلایەن هێزە ئەمنییەکان و بەبێ پیشاندانی حوکمی یاسایی دەسبەسەر کرا.
کوردپا لە ڕێکەوتی ١٧ی ڕێبەندانی ١٤٠٤ ڕاگەیاند بە تێپەڕبوونی ٣١ ڕۆژ لە دەستبەسەر کردنی، هێشتا هیچ زانیارییەک لەسەر چارەنووس و شوێنی ڕاگرتنی ناوبراو نییە و نیگەرانییەکان سەبارەت بە دۆخی ژیانی و چارەنووسی بە شێوەیەکی زۆر لە زیاد بووندایە.