مەریوان؛ ناڕەزایەتییەکانی خەڵک ڕێگری کرد لە جێگیرکردنی هێزەکانی سپا لە هۆڵی وەرزشی مووسک ٢

03:27 - 19 رەشەمه 2725

١٨ی ڕەشەمەی ١٤٠٤؛ لە ماوەی چەند ڕۆژی ڕابردوو و هاوکات لەگەڵ شەڕی لە نێوان ئیسرائیل–ئەمریکا و کۆماری ئیسلامیی ئێران و هەوڵی هێزە سەربازییەکانی کۆماری ئیسلامی، لە هەنگاوێکی ناڕەزایەتی‌دا خەڵکی مەریوان بە کۆبوونەوەی خۆیان ڕێگرییان کرد لە جێگیرکردنی هێزەکانی سپای پاسداران لە یەکێک لە یاریگاکانی ئەم شارە.

سەرچاوەیەکی ئاگادار، لە کاتی پشتڕاستکردنەوەی ئەم هەواڵە بە کوردپای ڕاگەیاند: ڕۆژی شەممە ١٦ی ڕەشەمەی ١٤٠٤، کاتێک هێزە سەربازییەکانی سپای پاسداران هەوڵیان دەدا لە هۆڵی وەرزشی «مووسک ٢»ی مەریوان جێگیر ببن، لە نێو یاریگەکەدا "هیلال ئەحمەری ئێران"ـی ئەم شارە لە خەریکی چادر لێدان بوون بۆ جێگیرکردنی هێزەکانی سپا. لە دوای ئەم کردەوەیەدا، ژمارەیەکی زۆر لە هاووڵاتییان بە کۆبوونەوە لە شوێنەکە ناڕەزایەتیی خۆیان دەربڕی و لە کۆتاییدا ناچاریان کردن کە چەکە سەربازییەکان لە یاریگاکە دەربهێنن و شوێنەکە بەجێبهێڵن.

بەپێی چەند وێنەیەک کە گەیشتوون بە کوردپا، لە دوو وێنەدا کۆبوونەوەی هاووڵاتییان لە بەردەم ئەم یاریگایە دەبینرێت و لە وێنەیەکی دیکەدا ئۆتۆمۆبیلێکی سەر بە هیلال ئەحمەر دەبینرێت کە چادرێک لەسەری دانراوە.

ڕێکخراوەی مافی مرۆڤی کوردپا جێگیرکردنی هێزە سەربازییەکان لەو شوێنانەی کە خەڵکی لێی نێشتەجێین و هەروەها شوێنە گشتییەکان، کە دەتوانێت ژیانی خەڵکی ئاسایی و خەڵکی مەدەنی بخاتە مەترسییەوە، بە توندی مەحکووم دەکات. بەپێی بنەماکانی مافی مرۆڤایەتیی نێودەوڵەتی، لەوانە بنەمای جیاکردنەوەی نێوان ئامانجە سەربازی و ناسەربازییەکان و بنەمای پاراستنی مافی خەڵکی ئاسایی و مەدەنی لە کاتی شەڕی چەکداری لایەنە شەڕکەرەکان، پێویستە خۆیان لە جێگیرکردنی کەرەستە و هێزە سەربازییەکان لە ناو کۆمەڵگەی مەدەنی بپارێزن. بەکارهێنانی ناوچە ناسەربازییەکان بە شێوەیەک کە ژیانی خەڵک وەک قەڵغان لە بەرامبەر مەترسییەکانی داهاتوو بەکاربهێنرێت، پێشێلکردنی پابەندبوونە نێودەوڵەتییەکانە و هەڕەشەیەکی گەورەیە بۆ سەر ئاسایشی هاووڵاتییان.