نەغەدە؛ دەسبەسەرکرانی مەنسوور عەبدوڵڵازادە و مەنووچێهر عەبدوڵڵازادە لەلایەن هێزە ئەمنییەتییەکانەوە/ مەنووچێهر عەبدوڵڵازادە دوای تەواوبوونی لێکۆڵینەوە ئازاد کرا
ڕۆژی شەممە ٢٣ی ڕەشەمەی ١٤٠٤، دوو هاووڵاتیی کورد بە ناوەکانی «مەنسوور عەبدوڵڵازادە» تەمەن ٤١ ساڵه و «مەنووچێهر عەبدوڵڵازادە» تەمەن ٢٧ ساڵه خەڵکی گوندی «خەلیفان» سەر بە شاری نەغەدە، لەلایەن هێزە ئەمنییەتییەکانەوە دەسبەسەر کران، مەنووچێهر عەبدوڵڵازادە دوای دوو ڕۆژ دەسبەسەری و تەواوبوونی قۆناغەکانی لێکۆڵینەوە ئازاد کراوە.
سەرچاوەیەکی ئاگادار بە کوردپای ڕاگەیاند: هێزە ئەمنییەتییەکان بە بێ بەڵگەی یاسایی هەڵیانکوتاوەتە سەر ماڵی ئەم دوو برایە و هەردووکیان هاوکات دەسبەسەر کراون.
ئەم سەرچاوەیە زیادیشی کرد: هێزە ئەمنییەتییەکان تلفۆن و لەپتاپی مەنووچێهر عەبدوڵڵازادە و تلفۆنی مەنسوور عەبدوڵڵازادەیان لەگەڵ خۆیان بردووە.
ئەم سەرچاوەیە هەروەها ئاماژەی دا: لە کاتی دەسبەسەرکردنی مەنسوور عەبدوڵڵازادە، هێزە ئەمنییەتییەکان دەرگا و پەنجەرەی ماڵەکەیانیان شکاندووە.
بەپێی وتەی ئەم سەرچاوەیە، مەنووچێهر عەبدوڵڵازادە دوای دوو ڕۆژ دەسبەسەری و تەواوبوونی لێکۆڵینەوە، لە بەردەم یەکێک لە پارکەکانی شارى نەغەدە لەلایەن هێزە ئەمنییەتییەکانەوە ئازاد کراوە.
هەروەها ئەم سەرچاوەیە جەختیشی کردووەتەوە کە هەتا ئێستا هەوڵەکانی بنەماڵەی مەنسوور عەبدوڵڵازادە بۆ ئاگاداربوون لە چارەنووسی ناوبراو بێئاکام ماوەتەوە.
هەتا کاتی بڵاوبوونەوەی ئەم هەواڵە، سەبارەت بە هۆکاری دەسبەسەرکران و تۆمەتە وەپاڵدراوەکان دژی ئەم دوو برایە زانیارییەک لەبەر دەستدا نییە.