سنە؛ خەبات دێهدار، چالاکی کرێکاری و بەندکراوی سیاسی پێشوو بە دانانی بارمتە ئازاد کرا

15:36 - 25 رەشەمه 2725

ڕۆژی شەممە ٢٣ی ڕەشەمەی ١٤٠٤، خەبات دێهدار، چالاکی کرێکاری و بەندکروای سیاسیی پێشوو دوای ٣٢ ڕۆژ دەستبەسەرکرانی کاتی، بە دانانی بارمتە لە زیندانی ناوەندی سنە ئازاد کرا.

ڕۆژی سێشەممە ٢١ی ڕێبەندانی ١٤٠٤؛ خەبات دێهدار لەلایەن هێزە ئەمنییەتییەکانەوە دەسبەسەر کرا و بۆ شوێنێکی نادیار ڕاگوێزرا.

هێزە ئەمنییەتییەکان بە بێ بەڵگەی یاسایی ئەم چالاکە کرێکارییەیان لە شوێنی کارەکەی دەسبەسەر کردبوو.

هەروها هێزە ئەمنییەتییەکان هێرشیان کردبوو سەر ماڵی باوکی ئەم چالاکە کرێکارییە و دەستیان بە پشکنینی کردبوو.

لە خەزەڵوەری ١٤٠٢دا، ئەم چالاکە کرێکارییە لەلایەن لقی یەکی دادگای ئینقلابی سنەوە بە تۆمەتی "پڕوپاگەندە دژی نیزام" بە ١٢ مانگ بەندکرانی هەڵپەسێردراو سزا درابوو.

هەتا کاتی بڵاوبوونەوەی ئەم هەواڵە، سەبارەت بە هۆکاری دەسبەسەرکران و تۆمەتە وەپڵدراوەکان دژی ئەم بەندکراوە سیاسییەی پێشوو زانیارییەک لەبەر دەستدا نییە.