گۆگجه/ مەریوان؛ خەڵکی گوندی گۆگجە بە هاوبەشی و هەنگاوێکی یەکگرتووانە هێزەکانی کۆماری ئیسلامیان لە گوند ڕاونا

07:27 - 24 رەشەمه 2725

٢٣ی ڕەشەممە ١٤٠٤ – لە دوای هێرشی نیزامی ئامریکا و ئیسرائیل بۆ سەر بنکەکانی سپای پاسداران لە ناوچەی «سەرشیو»ی مەریوان، لەگەڵ بنکەی سەرەکیی گوندی «گۆگجه»، هێزەکانی سپای پاسداران بە دانانی کەرەستەی نیزامی و جێگیر بوونیان لە شوێنە گشتییەکان وەک مزگەوت هەوڵی ترساندن و تۆقاندنی خەڵکیان دا، بەڵام دوابەدوای ئەم کارە، خەڵکی گوندەکە بە هاوپشتیی و بە هەنگاوێکی یەکگرتووانە ئەو هێزە سەرکوتکەرانەیان لە گوندەکە دەرکرد و ڕاویانان.

 سەرچاوەیەکی ئاگادار ئەم هەواڵەی بۆ کوردپا پشتڕاست کردەوە و وتیشی: کە  بەدوای هێرشی نیزامی ئامریکا و ئیسرائیل بۆ سەر بنکەکانی سپای پاسداران لە مەریوان و لەنێوچوونی بنکەی سەرەکیی گوندی «گۆگجە»، هێزەکانی سپاس چوونە گوندەکە و هەوڵی ئەوەیان دا کە بە تەواوی لەو شوێنە سەقامگیر بن، بۆ نموونە لە شوێنە گشتییەکان وەکوو مزگەوت.

بەپێی وتەکانی ئەم سەرچاوەیە، خەڵکی گوند بە هاوبەشی و ڕێکخستنی یەکگرتووانە هەنگاویان نا بۆ دەرکردنیان. لە بەر پرچدانەوەی ئەم هەوڵەدا، هێزەکان تەقەیان لە خەڵک کرد و توندوتیژییەکی زۆریان بەرامبەر بە خەڵکەکە ئەنجام دا. بەڵام لە کۆتاییدا خەڵک توانییان هێزەکانی سپا لە گەڵ کەرەستەیی نیزامی، لە گوندەکە وەدەر بنێین.

ئەو سەرچاوەیە زیادی کرد کە لە ئێستادا هەموو هێزەکانی سپا بە هەموو کەرەستە نیزامییەکانیان لە مزگەوت، خوێندنگە و تەنانەت بنکەی سەرەکیی گوند دەرچوون. بە پێی قسەی ئەو سەرچاوەیە، ژمارەی هێزەکان لە دەوری ١٢٠ کەس بوون.

لە پەیوەندی بە یاسا و ئەسڵی ڕێنوێنی مافەکانی مرۆڤ و یاسای مرۆڤدۆستانە، هەروەها ڕێنوێنی نووسراو لە کۆنڤانسیۆنەکانی ژنێڤ ئەو لایەنانەی کە لە شەڕی چەکداریدا بەشداری دەکەن، پێویستە لە بەکاربردنی ئەو شوێنانەی خەڵکی ئاسایی لێی ئەژین و شوێنە گشتییەکان وەک مزگەوت و خوێندنگە خۆ دوور بگرن و ئاسایش و ژیانی خەڵک بپارێزن. هەروەها جێگیر بوونی هێزە نیزامییەکان لەو شوێنانەی خەڵکی تێیا ئەژین ئەتوانێ مەترسییەکی گەورە بێ بۆ سەر ژیانیان.