تاران؛ مستەفا لۆتفی، هاووڵاتیی ٣٥ ساڵانی خەڵکی کرماشان، شوناسی یەکێکی دیکە لە گیانلەدەستداوانی ناڕەزایەتییەکانی ١٨ی بەفرانبار

04:15 - 18 رێبەندان 2725

١٧ی ڕێبەندانی ١٤٠٤؛ "مستەفا لۆتفی" هاووڵاتیی ٣٥ ساڵانی خەڵکی کرماشان، شوناسی یەکێکی دیکە لە گیانلەدەستداوانی ناڕەزایەتییەکانی ١٨ی بەفرانباری ١٤٠٤ لە تارانە کە بە تەقەی ڕاستەوخۆی هێزە سەرکوتکەرەکانی کۆماری ئیسلامیی ئێران گیانی لەدەست داوە.

سەرچاوەیەکی ئاگادار وێڕای پشتڕاستکردنەوەی ئەم هەواڵە بە کوردپای وت؛ ناوەندە ئەمنییەتییەکان بنەماڵەی ناوبراویان خستووەتە ژێر گوشارەوە تاکوو ڕایبگەیێنن کە لەلایەن "خەڵک"ەوە کوژراوە و وەکوو "شەهیدی حکوومەتی" بیناسێنن؛ گوشارێک کە بە لەلایەن بنەماڵەکەوە لێبڕاوانە ڕەت کراوەتەوە. تەرمی "مستەفا لۆتفی" لە گوندێکی شاری سونقوڕی کرماشاندا بە خاک سپێردراوە.

"مستەفا لۆتفی" کچێکی چوار ساڵانی هەبووە و لە کاتی گیانلەدەستدانیدا لە تاران و لە شرکەتێکی کەرتی تایبەتدا خەریکی کارکردن بووە.