ئێسفەراین؛ جەلیل میلانلوویی، هاووڵاتیی ٤٨ ساڵانی کوردی کرمانج، شوناسی یەکێکی دیکە لە گیانلەدەستداوانی ناڕەزایەتییەکانی ١٨ی بەفرانبار
١٥ی ڕێبەندانی ١٤٠٤؛ "جەلیل میلانلوویی" هاووڵاتیی ٤٨ ساڵانی کوردی کرمانجی خەڵكی ئێسفەراین، شوناسی یەکێکی دیکە لە گیانلەدەستداوانی ناڕەزایەتییەکانی ١٨ی بەفرانباری ١٤٠٤ لە تارانە کە بە تەقەی ڕاستەوخۆی هێزە سەرکوتکەرەکانی کۆماری ئیسلامیی ئێران لە سینگی گیانی لەدەست داوە.
سەرچاوەیەکی ئاگادار وێڕای پشتڕاستکردنەوەی ئەم هەواڵە بە کوردپای وت؛ بنەماڵەی ئەم گیانلەدەستداوە پاش سێ ڕۆژ گەڕان تەرمەکەیان لە ٢١ی بەفرانباری ١٤٠٤دا دۆزیوەتەوە. بە وتەی ئەم سەرچاوەیە، تەرمی "جەلیل میلانلوویی" بە گوشار، هەڕەشە و وەرگرتنی بەڵێننامە کە ئەو "ڕێبوار" بووە و بنەماڵەکەی مافی بەڕێوەبردنی ڕێوڕەسمیان نییە، ڕادەستیان کراوەتەوە. هەروەها بنەماڵەی ئەم گیانلەدەستداوە تاکوو ئێستا لەژێر گوشاری ناوەندە ئەمنییەتییەکاندان تاکوو وەکوو "شەهیدی حکوومەتی" بیناسێنن.
تەرمی "جەلیل میلانلوویی" لە ڕێکەوتی ٢١ی بەفرانباری ١٤٠٤ لە گۆڕستانی بەهەشت زەهرای ئێسفەراین و لە کەشێکی تەواو ئەمنییەتیدا و بە بوونی ژمارەیەکی بەرچاو لە هێزە سەرکوتکەرەکانی کۆماری ئیسلامی بە خاک سپێردراوە.
بەپێی وێنەیەک کە لە بەڵگەی بەخاکسپاردنی ئەم گیانلەدەستداوە بە دەستی کوردپا گەیشتووە، پزیشکی دادوەریی پارێزگای خوراسان هۆکاری مەرگەکەی "بەرکەوتنی شتی فڕێدراوی فلزی" کە بووەتە هۆی "خەسارگەیاندن بە سینگ و ئاسەوارەکانی" نووسیوە کە لە کۆتاییدا "شۆکی خوێنڕێژیدەر" بووەتە هۆی مەرگی.
بە وتەی سەرچاوەیەک لە زانکۆ، پاش کوژرانی "جەلیل میلانلوویی" ئیزن بە هیچکەس، تەنانەت خوێندکارەکان نەدراوە کە سەبارەت بە قەتڵی حکوومەتیی ئەو قسە بکەن. ئەم سەرچاوەیە ڕایگەیاند کە خوێندکارەکان لە کاتی چوون بۆ تاقیکاری هەستیان بە نەبوونی مامۆستاکەیان کردووە بە بێ ئەوەی کە ڕوونکردنەوەیەکی فەرمییان پێ درێت، کەشی زانکۆ ئەمنییەتی کراوە تاکوو پێش بە هەر قسەیەک لەمبارەەوە بگیرێ.
"جەلیل میلانلوویی" لەدایکبووی ٧ی خەزەڵوەری ١٣٥٦، کوڕی ئەحمەد و لە کوردە کرمانجەکانی ئێسفەراین بووە. ناوبراو مامۆستای زانکۆی زانستی پزیشکیی ئێسفەراین و بەرپرسی بانکی ڕساڵەت لەم شارە بووە.