تاران؛ موختار هێدایەت‌فەر، لاوی کرماشانی، شوناسی یەکێکی دیکە لە گیانلەدەستداوانی ناڕەزایەتییەکانی ١٩ی بەفرانبار

03:33 - 18 رێبەندان 2725

١٣ی ڕێبەندانی ١٤٠٤؛ "موختار هێدایەت‌فەر" لاوی خەڵکی کرماشان، شوناسی یەکێکی دیکە لە گیانلەدەستداوانی ناڕەزایەتییەکانی ١٩ی بەفرانباری ١٤٠٤ لە تارانە کە بە تەقەی ڕاستەوخۆی هێزە سەرکوتکەرەکانی کۆماری ئیسلامیی ئێران گیانی لەدەست داوە.

سەرچاوەیەکی ئاگادار وێڕای پشتڕاستکردنەوەی ئەم هەواڵە بە کوردپای وت؛ تەرمی ناوبراو لەو تەرمانە بووە کە لە ساردخانەی کەهریزەکدا ڕادەستی بنەماڵەکەی کراوەتەوە. تەرمی ئەم گیانلەدەستداوە لە ٢٢ی بەفرانباری ١٤٠٤ لە گۆڕستانی "بەهەشت زەهرای بریموەند"ی کرماشان بە خاک سپێردراوە.

"موختار هێدایەت‌فەر" کوڕی "مەشەدی قاسم بەگ"، خێزاندار و باوکی دوو منداڵی بچووک بە ناوەکانی "ڕۆهام" و "ئارسام" بووە.