کرماشان؛ میلاد مۆحێبی لاوی ٣٢ ساڵانی کورد، شوناسی یەکێکی دیکە لە گیانلەدەستداوانی ناڕەزایەتییەکانی ١٨ی بەفرانبار

03:17 - 18 رێبەندان 2725

١٤ی ڕێبەندانی ١٤٠٤؛ "میلاد مۆحێبی" لاوی ٣٢ ساڵانی خەڵکی کرماشان، شوناسی یەکێکی دیکە لە گیانلەدەستداوانی ناڕەزایەتییەکانی ١٨ی بەفرانباری ١٤٠٤ لە کۆڵانی سێیەمی ناوچەی "بەرق"ی کرماشانە کە بە تەقەی ڕاستەوخۆی چەند فیشەکی هێزە سەرکوتکەرەکانی کۆماری ئیسلامیی ئێران گیانی لەدەست داوە.

سەرچاوەیەکی ئاگادار وێڕای پشتڕاستکردنەوەی ئەم هەواڵە بە کوردپای وت؛ ڤیدیۆیەک کە چەند ساتێک پاش تەقەکردن لەم لاوە لە کۆڵانی سێیەمی گەڕەکی "بەرق" هەیە نیشانی دەدات کە ناوبراو دوای پێکران کەوتووەتە سەر زەوی و تووشی خوێنڕێژی بووە. بە وتەی ئەم سەرچاوەیە زۆربوونی خوێنڕێژییەکە لە ئاستێکدا بووە لە "میلاد مۆحێبی" پێش گەیشتن بە نەخۆشخانە گیانی لەدەست داوە.

تەرمی ناوبراو لە ڕێکەوتی ٢٠ی بەفرانباری ١٤٠٤دا لە گۆڕستانی "بەهەشت زەهرا"ی بریموەند بە خاک سپێردراوە. "میلاد مۆحێبی" شۆفێری ئێسنەپ بووە.