تاران؛ مەهسا دێزفوولیان لاوی ٣٩ ساڵانی کورد، شوناسی یەکێکی دیکە لە گیانلەدەستداوانی ناڕەزایەتییەکانی ١٩ی بەفرانبار

03:07 - 18 رێبەندان 2725

١٣ی ڕێبەندانی ١٤٠٤؛ "مەهسا دێزفوولیان" لاوی ٣٩ ساڵانی خەڵکی کرماشان و پزیشکی ددانی دانیشتووی تاران، شوناسی یەکێکی دیکە لە گیانلەدەستداوانی ناڕەزایەتییەکانی ١٩ی بەفرانباری ١٤٠٤ لە فەردیسی کەرەجە کە بە تەقەی ڕاستەوخۆی هێزە سەرکوتکەرەکانی کۆماری ئیسلامیی ئێران گیانی لەدەست داوە.

سەرچاوەیەکی ئاگادار وێڕای پشتڕاستکردنەوەی ئەم هەواڵە بە کوردپای وت؛ "مەهسا دێزفوولیان" بە ڕەچەڵەک خەڵکی کرماشان و پزیشکی ددان بووە کە لە ناوچەی "سەتارخان"ی تاران کاری کردووە. بە وتەی هاوڕێکانی "مەهسا دێزفوولیان" پزیشکێکی خێرخواز بووە و یارمەتیی زۆرێک لە نەخۆشەکانی داوە و بە خۆڕایی چارەسەری کردوون.

تەرمی ناوبراو لە ڕێکەوتی ٢٣ی بەفرانباری ١٤٠٤دا لە گۆڕستانی "بەهەشت زەهرا"ی تاران بە خاک سپێردراوە.