کرماشان؛ پژمان فەخری، لاوی ٣٤ ساڵانی کوردی یارسان، شوناسی یەکێکی دیکە لە گیانلەدەستداوان بە فیشەکی جەنگی لە ١٨ی بەفرانبار

03:08 - 14 رێبەندان 2725

١٣ی ڕێبەندانی ۱۴۰۴؛ "پژمان فەخری" هاووڵاتیی ٣٤ ساڵانی کوردی یارسان و خەڵکی "سەحنە" سەر بە پارێزگای کرماشان، شوناسی یەکێکی دیکە لە گیانلەدەستداوانی ناڕەزایەتییەکانی ١٨ی بەفرانباری ١٤٠٤ لە "تاقەوسان"ی  کرماشانە کە بە تەقەی ڕاستەوخۆی فیشەکی جەنگیی هێزە سەرکوتکەرەکانی کۆماری ئیسلامی لە سەری گیانی لەدەست دا.

سەرچاوەیەکی ئاگادار وێڕای پشتڕاستکردنەوەی ئەم هەواڵە بە کوردپای وت؛  "پژمان فەخری" کاتێ کراوەتە ئامانج کە خەریکی ڕزگارکردنی تەرمی یەکێک لە گیانلەدەستداوانی ناڕەزایەتییەکان بووە کە لەسەر شەقام کەوتووە و ویستوویەتی پێش بە ڕفاندنی تەرمەکە لەلایەن هێزە سەرکوتکەرەکانەوە بگرێ. لە کاتی ئەم کارەدا، هێزە سەرکوتکەرەکان بە تەقەی ئامانجدار لە سەری کوشتوویانە.

بە وتەی ئەم سەرچاوەیە "پژمان فەخری" کاتژمێر ٢ی نیوەشەوی ١٩ی بەفرانباری ١٤٠٤، پاش ئەوەی کە لە شەقامدا دۆزراوەتەوە، لە گۆڕستانی گوندی زێدی خۆی لە سەحنە بە خاک سپێردراوە.

"پژمان فەخری" خێزاندار و باوکی منداڵێکی ٥ ساڵانە.