مەشهەد؛ ئارین کەریمیان، خوێندکاری ۲۱ ساڵانی کوردی کرمانج، گیانلەدەستداو بە فیشەکی جەنگی لە ١٨ی بەفرانبار
١٣ی ڕێبەندانی ۱۴۰۴؛ "ئارین کەریمیان" لاوی ۲۱ ساڵانی کورد کرمانجی خەڵکی مەشهەد و خوێندکاری مێکانیک، شوناسی یەکێکی دیکە لە گیانلەدەستداوانی ناڕەزایەتییەکانی ١٨ی بەفرانباری ١٤٠٤ لە شەقامی "حەفتی تیر"ی مەشهەدە کە بە تەقەی ڕاستەوخۆی فیشەکی جەنگیی هێزە سەرکوتکەرەکانی کۆماری ئیسلامی گیانی لەدەست دا.
سەرچاوەیەکی ئاگادار وێڕای پشتڕاستکردنەوەی ئەم هەواڵە بە کوردپای وت؛ " تەرمی ناوبراو ٢٣ی بەفرانباری ١٤٠٤ لە کەشێکی بەتەواوەتی ئەمنیەتیدا و بە بەشداریی هێزە سەرکوتکەرەکان لە گۆڕستانی "بەهەشت ڕەزا"ی مەشهەد بە خاک سپێردرا. ڕێوڕەسمی پرسەکەی بە زۆر لە ماڵدا بەڕێوە چوو و هێزە ئەمنییەتییەکان لە بەردەم ماڵەکەی هەتا لای شەقامەکەیان لەژێر چاوەدێریدا بوو. هەروەها ناوەندە ئەمنییەتییەکان چەندین جار پێوەندییان بە بنەماڵەکەیەوە گرت و داوایان کرد کە وەکوو "شەهیدی حکوومەتی بیناسێنن بەڵام ئەوان ڕەتیان کردەوە.
ئارین کەریمیان لەدایکبووی ١٣٨٣ لە مەشهەد بووە.