ئیلام؛ مێهدی قەنبەری، لاوی ٢٨ ساڵانی کوردی مەڵکشایی، ٩ ڕۆژ پاش برینداربوون گیانی لەدەست دا
١٣ی ڕێبەندانی ۱۴۰۴؛ "مێهدی قەنبەری"، لاوی ٢٨ ساڵانی کوردی خەڵکی مەڵکشایی سەر بە پارێزگای ئیلام، شوناسی یەکێکی دیکە لە بریندارەکانی ناڕەزایەتییەکانی ١٨ی بەفرانباری ١٤٠٤ لە ئیلامە بە هۆی سەختیی برینەکانییەوە لە ئاکامی برینداربوون بە هۆی ڕەگباری فیشەک و تێپەڕینی ماتۆڕ بە سەر جەستەیدا، لە ٢٧ی بەفرانباری ١٤٠٤ گیانی لەدەست دا.
سەرچاوەیەکی ئاگادار وێڕای پشتڕاستکردنەوەی ئەم هەواڵە بە کوردپای وت؛ "مێهدی قەنبەری" شەوی ١٩ی بەفرانباری ١٤٠٤، لە کاتی نارەزایەتییەکانی خەڵكی ئیلامدا، لەلایەن هێزە سەرکوتکەرەکانی کۆماری ئیسلامییەوە لە کۆڵانێکی بنبەستدا گەمارۆ درا. هێزە سەرکوتکەرەکان بە چەکی جەنگی ڕەگباریان پێدا کردووە و دواتر بە ماتۆڕ بە سەر جەستەی برینداریدا تێپەڕیون و لە هەمان شوێندا بەجێیان هیشتووە.
بەپێی ئەم ڕاپۆرتە، مێهدی قەنبەری بە تەقەی سێ فیشەکی جەنگی لە گورچیلە، ڕان و کەلەکەی و هەروەها سەختیی برینەکانی بە هۆی تێپەڕینی ماتۆر بەسەریدا، بەسەختی بریندار بوو. هاووڵاتییان گەیاندیانە نەخۆشخانەی "ئیمام خومەینی"ی ئیلام، بەڵام بەو هۆیەوە کە مۆبایلی پێ نەبوو، بنەماڵەکەی هەتا ٩ ڕۆژ ئاگاداری دۆخەکەی و شوێنی ڕاگیرانی نەبوون.
ئەم سەرچاوەیە وتیشی؛ پاش چەندین نەشتەرگەری، مێهدی قەنبەری سەرنجام لە ٢٧ی بەفرانباری ١٤٠٤دا هاتەوە هۆش و توانیی ژمارەی پێوەندیی بنەماڵەکەی ڕابگەینێ.
کاتێ بنەماڵەکەی خۆیان گەیاندە نەخۆشخانە، لە پێش چاوی ئەوان گیانی سپارد.
تەرمی مێهدی قەنبەری لە هەمان ڕۆژ واتە ٢٧ی بەفرانبار لەژێر گوشاری توند و کەشی ئەمنییەتیدا و لە بێدەنگیی داسەپاوی هێزە ئەمنییەتییەکاندا، لە گۆڕستانی "بەهەشت ڕەزا"ی ئیلام بە خاک سپێردرا.
مێهدی قەنبەری ٢٨ سالان و سەڵت و کرێکار بووە. ناوبراو لە ئاخرین ستۆریی ئینستاگرامەکەیدا نووسیویەتی؛ "بەڵێن دەدەم هەمیشە، گۆچانی پیری لە دەستم، کە مەرگ لێرەیە یا لێرەیە یا لێرەیە یا لێرە" و لە درێژەدا نووسیویەتی: "من قەرزی خۆم دایەوە."