مەڵکشایی؛ ٤ ڕۆژ دەسبەسەرکرانی سەرەڕۆیانە و ناڕوونیی چارەنووسی نادر ڕابە
٨ی ڕەشەمەی ١٤٠٤؛ سەرەڕای تێپەڕبوونی ٤ ڕۆژ لە دەسبەسەرکرانی سەرەڕۆیانەی "نادر ڕابە" هاووڵاتیی کوردی خەڵکی "مەڵکشایی" سەر بە پارێزگای ئیلام کە بە برینی قورسی ڕان و دەموچاوییەوە و بە توندوتیژییەوە دەسبەسەر کرابوو، هێشتا دۆخی ناڕوونە و زانیارییەک لە شوێنی ڕاگیرانی لەبەر دەستدا نییە.
سەرچاوەیەکی ئاگادار وێڕای پشتڕاستکردنەوەی ئەم هەواڵە بە کوردپای وت؛ "نادر ڕابە" لە ڕێکەوتی ٥ی ڕەشەمەی ١٤٠٤دا، لەلایەن هێزە ئەمنییەتییەکانەوە و بە بێ بەڵگەی یاسایی و بە توندوتیژییەوە دەسبەسەر کرا و بۆ شوێنێکی نادیار ڕاگوێزرا. بە وتەی ئەم سەرچاوەیە ناوبراو لە کاتێکدا دەسبەسەر کراوە کە ڕانی بەسەختی بریندار بووە و ئەمەش نیگەرانیی بنەماڵە و نزیکەکانی سەبارەت بە چارەنووسی زیاتر کردووە.
بەپێی ئەم ڕاپۆرتە، "نادر ڕابە" لە ماوەی چوار ڕۆژ دەسبەسەرکرانی سەرەڕۆیانەدا، لە مافی دەسپێڕاگەیشتن بە پارێزەر، پێوەندیی تلفۆنی و چاوپێکەوتن لەگەڵ بنەماڵەکەی بێبەری بووە. هەروەها سەرەڕای برینداربوونی لە دەستڕاگەیشتن بە خزمەتگوازی پزیشکیش بێبەری کراوە.