ئەیوان/ ئیلام؛ بابەک کەریمی، بەندکراوی سیاسیی پێشوو بە چوار تۆمەتەوە بانگی دادگا کرا

23:46 - 8 رەشەمه 2725

٧ی ڕەشەمەی ١٤٠٤؛ "بابەک کەریمی" بەندکراوی سیاسیی پێشووی خەڵکی "ئەیوان" سەر بە پارێزگای ئیلام کە لە ناڕەزایەتییەکانی "ژن، ژیان، ئازادی"دا بە ٤ ساڵ و ٩ مانگ و یەک ڕۆژ بەندکرانی داسەپاو مەحکوم کرابوو، لە ماوەی ڕۆژانی ڕابردوودا لە پێوەندی لەگەڵ ناڕەزایەتییەکانی مانگی بەفرانباری ١٤٠٤دا بە چوار تۆمەتی وەپاڵدراو، بانگی لقی یەکی دادیاریی دادسەرای گشتی و ئینقلابی ئیلام کرا.

بەپێی بەڵگەی بانگکرانەکە کە ڕێکەوتەکەی ٤ی ڕەشەمەی ١٤٠٤ـە و بەدەستی کوردپا گەیشتووە، ناوبراو بۆ بەرگری لە تۆمەتەکانی "هاندانی خەڵک بۆ شەڕ و کوشتاری یەکتر و تێکدانی تەناهیی نەتەوەیی وڵات"، "پڕوپاگەندە دژی نیزام"، "بڵاوکردنەوەی شتی ناڕاست" و "کۆبوونەوی نایاسایی" بانگی لقی یەکی دادیاریی دادسەرای گشتی و ئینقلابی ئیلام کراوە و دەبێ لە ماوەی پێنج ڕۆژدا لەم لقە ئامادە بێت.

پێشینەی دەسبەسەرکران لە ژن، ژیان، ئازادی؛

بابەک کەریمی لە ڕێکەوتی ٣٠ی خەرمانانی ١٤٠١ لە ڕەوتی بزووتنەوەی ژن، ژیان، ئازادیدا لە "ئەیوان" دەسبەسەر کرا و لە ١٧ی ڕێبەندانی ١٤٠١دا بە دانانی بارمتەی ٢ میلیارد تمەنی و بەشێوەی کاتی لە بەندیخانەی ناوەندیی ئیلام ئازاد کرا. ناوبراو لە ماوەی دەسبەسەرکرانیدا بە نیشانەی ناڕەزایەتی بە درێژکردنەوەی ماوەی دەسبەسەرکرانە کاتییەکەی و پێڕانەگەیشتن بە دۆسییەکەی دوو جار مانی لە خواردن گرت.

ناوبراو لە ١٢ی پووشپەڕ ١٤٠٤دا لەلایەن لقی ٢ی دادگای ئینقلابی ئیلامەوە بە تۆمەتی "کۆبوونەوە و کەینوبەین بۆ تیكدانی تەناهیی نێوخۆیی" بە ٥ ساڵ بەندکران، "بێڕێزی بە ڕێبەری حکوومەتی ئێران" بە ٢ ساڵ بەندکران و "بێڕێزی بە دامەزرێنەری کۆماری ئیسلامیی ئێران" بە ٢ ساڵ بەندکران مەحکووم کرا.

ئەم حوکمە ڕۆژی ٢٢ی خەرمانانی ١٤٠٤ لەلایەن لقی ٢ی دادگای پێداچوونەوەی ئیلامەوە بۆ ٤ ساڵ و نۆ مانگ و یەک ڕۆژ بەندکرانی داسەپاو کەم کرایەوە و بەم جۆرە پشتڕاست کرایەوە.

هەروەها ناوبراو لە ٣١ی گەلاوێژی ١٤٠٢دا لە دۆسییەکی دیکەدا بە تۆمەتی "تێکدانی نەزم و ئاسایشی گشتی" بانگی لقی ١٠١ی دادگای کەیفەری ٢ی ئەیوان کرا و بەپێی بەڵگەی بانگکرانەکە ئەرکدار کرابوو کە ڕۆژی ٥ی خەرمانانی هەمان ساڵ بۆ بەرگری لە خۆی لە دادگادا ئامادە بێت.