بۆکان؛ ڕەئووف شێخمەعرووفی و محەممەد فەرەجی، لە دەسبەسەرکراوانی بزووتنەوەی ژن، ژیان، ئازادی بە لەسێدارەدران سزا دران
٦ی ڕەشەمەی ١٤٠٤؛ ڕەئووف شێخمەعرووفی و محەممەد فەرەجی ، دوو هاووڵاتیی کوردی خەڵكی بۆکان و لە دەسبەسەرکراوانی بزووتنەوەی ژن، ژیان، ئازادی، لەلایەن لقی یەکی دادگای ئینقلابی مەهابادەوە بە تۆمەتی "موحاربە" و "افساد فیالارض" بە لەسێدارەدران مەحکووم کران.
بە وتەی سەرچاوەیەکی ئاگاداری کوردپا، ئەم دوو بەندکراوە سیاسییە لە ماوەی مانگەکانی ڕابردوودا بە شێوەی جیاجیا لە لقی یەکی دادگای ئینقلابی مەهاباددا دادگایی کراون و حوکمی دەرچوو لە ڕۆژی سێشەممە ٥ی ڕەشەمەی ١٤٠٤دا بە شێوەی فەرمی لە بەندیخانەی بۆکان پێیان ڕاگەیەندراوە.
٢٤ی بەفرانباری ١٤٠٢؛ کوردپا ڕاپۆرتێکی بڵاو کردەوە کە ئەم دوو بەندکراوە سیاسییە بە بێ دەستڕاگەیشتن بە پارێزەر بە "افساد فیالارض" تۆمەتبار کراون.
کوردپا ڕایگەیاند؛ حکوومەت خۆی بۆ ئەم دوو کەسە پارێزەری داناوە و ناوەندە ئەمنییەتی و دادوەرییەکانیش ڕێگەیان بە ئازادیی کاتییان نەداوە و پێشیان بە دەرکردنی بڕیاری بارمتەش گرتووە.
ئەم دوو هاووڵاتییە پاش دەسبەسەرکران و بە مەبەستی لێپرسینەوە بۆ گرتنگەی ئیتلاعاتی ورمێ ڕاگوێزران و هێزە ئەمنییەتییەکان بۆ وەرگرتنی دانپێدانانی زۆرەملێ و قەبووڵکردنی تۆمەتی "بەشداری لە کوشتنی یەکێک لە هێزە ئەمنییەتییەکان" لە بۆکان، ئەم دوو کەسەی خستە ژێر گوشاری توندی جەستەیی و دەروونییەوە.
ڕەئووف شێخمەعرووفی لە ڕێکەوتی ٥ی بەفرانباری ١٤٠١دا، و محەممەد فەرەجی لە ڕێکەوتی ٣ی ڕەشەمەی ١٤٠١دا بە بێ بەڵگەی یاسایی لەلایەن هێزە ئەمنییەتییەکانەوە دەسبەسەر کران.