بەندیخانەی قووچان؛ ٤٧ ڕۆژ دەسبەسەرکرانی سەرەڕۆیانە و ناڕوونیی چارەنووسی مێهدی بەهادۆری
٥ی ڕەشەمەی ۱۴۰۴؛ سەرەڕای تێپەڕبوونی ٤٧ ڕۆژ دەسبەسەرکرانی سەرەڕۆیانەی "مێهدی بەهادۆری" هاووڵاتیی کوردی خەڵکی "قووچان" سەر بە پارێزگای خوراسان، هێشتا چارەنووسی ناڕوونە و لە گرتنگە ڕاگیراوە. ناوبراو پاش ماوەیەک لێپرسینەوە لە یەکێک لە گرتنگە ئەمنییەتییەکان، بۆ بەندیخانەی قووچان ڕاگوێزراوە.
سەرچاوەیەکی ئاگاداری وێڕای پشتڕاستکردنەوەی ئەم هەواڵە بە کوردپای وت؛ " مێهدی بەهادۆری" لاوی کرمانجی خەڵکی "قووچان" لە ڕێکەوتی ١٩ی بەفرانباری ١٤٠٤دا، لەلایەن هێزە ئەمنییەتییەکانەوە و بە بێ بەڵگەی یاسایی و بە توندوتیژییەوە دەسبەسەر کرا و بۆ شوێنێکی نادیار ڕاگوێزرا. ناوبراو پاش لێپرسینەوە بۆ بەندیخانەی قووچان ڕاگوێزرا و ئێستا لە دۆخێکی ناڕووندا لەم بەندیخانەیە ڕاگیراوە.
ناوبراو لە ماوەی ٤٧ ڕۆژ دەسبەسەرکرانیدا لە مافی دەستڕاگەیشتن بە پارێزەر و چاوپێکەوتن لەگەڵ بنەماڵەکەی بێبەری بووە.
مێهدی بەهادۆری لە قووچان کاری ئارایشگەری دەکرد.