پیرانشار؛ بەردەوامیی دەسبەسەرکران و ٢٥ ڕۆژ ناڕوونیی چارەنووسی حیسام ئیسماعیلی

22:30 - 4 رەشەمه 2725

٢ی ڕەشەمەی ۱۴۰۴؛ سەرەڕای تێپەڕبوونی ٢٥ ڕۆژ لە دەسبەسەرکرانی سەرەڕۆیانەی "حیسام ئیسماعیلی" هاووڵاتیی کوردی خەڵکی پیرانشار، سەبارەت بە چارەنووس و شوێنی ڕاگیرانی زانیارییەک لەبەر دەستدا نییە و ئەمە نیگەرانیی بنەماڵەکەی بە دواوە بووە.

بە وتەی سەرچاوەیەکی ئاگاداری کوردپا؛ ئەم هاووڵاتییە بە مەبەستی لێپرسینەوە بۆ یەکێک لە گرتنگە ئەمنییەتییەکانی ورمێ ڕاگوێزرا و لەو کاتەوە تاکوو ئێستا لە مافی دەستڕاگەیشتن بە پارێزەر و چاوپێکەوتن لەگەڵ کەسە نزیکەکانی بێبەری کراوە.

ئەم سەرچاوەیە دەڵێ ناوبراو سەرلەبەیانیی ڕۆژی چوارشەممە ٨ی ڕێبەندانی ١٤٠٤، بە بێ بەڵگەیی یاسایی لەلایەن هێزە ئەمنییەتییەکانەوە دەسبەسەر کرا.

حیسام ئیسماعیلی خێزاندارە و چوار منداڵی هەیە.

هەتا کاتی بڵاوبوونەوەی ئەم هەواڵە، سەبارەت بە هۆکاری دەسبەسەرکران و تۆمەتە وەپاڵدراوەکان دژی ئەم هاووڵاتییە کوردە زانیارییەک لەبەر دەستدا نییە.