دەرگەز؛ ٤٤ ڕۆژ دەسبەسەرکران و ناڕوونیی چارەنووسی ڕەزا خۆشبۆنیاد/ هیچکەسی نییە بەدواداچوون بۆ چارەنووسی بکات
١ی ڕەشەمەی ۱۴۰۴؛ سەرەڕای تێپەڕبوونی ٤٤ ڕۆژ لە دەسبەسەرکرانی سەرەڕۆیانە و ناڕوونیی چارەنووسی "ڕەزا خۆشبۆنیاد" لاوی کوردی خەڵکی دەرگەز سەر بە پارێزگای خوراسان، سەبارەت بە چارەنووسی زانیارییەک لەبەر دەستدا نییە و ئەو کەسێکی نییە کە بەدواداچوون بۆ دۆخی بکات.
سەرچاوەیەکی ئاگاداری کوردپا وێڕای پشتڕاستکردنەوەی ئەم هەواڵە بە کوردپای وت؛ "ڕەزا خۆشبۆنیاد" ڕۆژی ١٨ی بەفرانباری ١٤٠٤ بە بێ بەڵگەیی یاسایی لەلایەن هێزە ئەمنییەتییەکانەوە دەسبەسەر کرا و بۆ شوێنێکی نادیار ڕاگوێزرا و لەو کاتەوە زانیارییەک سەبارەت بە چارەنووسی لەبەر دەستدا نییە و کەسیکیش دوای کارەکانی نەکەوتووە.
ئەو سەرچاوەیە وتیشی کە "ڕەزا خۆشبۆنیاد" کە دانپێدادانی زۆرەملێی لێ وەرگیراوە و "ئاگرتێبەردانی مزگەوت و دووکان"ی وەپاڵ دراوە، کەسێکی نییە کە بەدواداچوون بۆ دۆخی بکات. دایک و باوکی لە یەکتر جیا بوونەتەوە و تەنیا داپیرەیەکی بەساڵاچووی هەیە کە لە ساڵمەندان دەژیت. ئەو لە سەختی و ئاوارەییدا گەورەیی بووە.
هەتا کاتی بڵاوبوونەوەی ئەم ڕاپۆرتە، ناوبراو لە هەر چەشنە مافی چاوپێکەوتن لەگەڵ نزیکەکانی و دەستڕاگەیشتن بە پارێزەر بێبەری کراوە. "ڕەزا خۆشبۆنیاد" لە کوردە کرمانجەکانی شاری "دەرگەز" لە پارێزگای خوراسانە.