کرماشان؛ ٤٣ ڕۆژ دەسبەسەرکرانی سەرەڕۆیانە و ناڕوونیی چارەنووسی سرووش کەرەمی لاوی ١٨ ساڵان/ گیانی لە مەترسیدایە
٣٠ی ڕێبەندانی ۱۴۰۴؛ سەرەڕای تێپەڕبوونی ٤٣ ڕۆژ لە دەسبەسەرکرانی سەرەڕۆیانەی "سرووش کەرەمی" لاوی ١٨ ساڵانی کوردی خەڵکی کرماشان، سەبارەت بە چارەنووس و شوێنی ڕاگیرانی هیچ زانیارییەک لەبەر دەستدا نییە. ئەمەش نیگەرانیی بنەماڵەکەی لەمەڕ دۆخی ناوبراو زۆر کردووە.
سەرچاوەیەکی ئاگاداری کوردپا وێڕای پشتڕاستکردنەوەی ئەم هەواڵە بە کوردپای وت؛ سرووش کەرەمی شەوی ١٨ی بەفرانباری ١٤٠٤ هاوکات لەگەڵ ناڕەزایەتییەکانی خەڵک لە گەڕەکی "مەسکەن"ی کرماشان و سەرکوتی خوێناویی هاووڵاتییان و دەسبەسەرکرانە سەرەڕۆیانەکان، بە بێ بەڵگەیی یاسایی لەلایەن هێزە ئەمنییەتییەکانەوە دەسبەسەر کرا و بە شوێنێکی نادیار ڕاگوێزرا. لەو کاتەوە تاکوو ئێستا سەرەڕای بەدواداچوونی بەردەوامی بنەماڵەکەی، هیچ ناوەند یان دەزگایەک وڵامدەری دۆخی ناوبراو نەبووە و زانیارییەک لەمەڕ چارەنووسی لەبەر دەستدا نییە.
ئەم لاوە ١٨ ساڵانە ٤٣ ڕۆژە دەسبەسەر کراوە و لەو ماوەیەدا لە مافی دەستڕاگەیشتن بە پارێزەر و چاوپێکەوتن لەگەڵ بنەماڵەکەی بێبەری بووە.