چەوار؛ ٣ حەفتە دەسبەسەرکرانی سەرەڕۆیانە و ناڕوونیی چارەنووسی سینا غیاسی لاوی ١٨ ساڵان/ گیانی لە مەترسیدایە
٣٠ی ڕێبەندانی ۱۴۰۴؛ سەرەڕای تێپەڕبوونی٣ حەفتە لە دەسبەسەرکرانی سەرەڕۆیانەی "سینا غیاسی" لاوی ١٨ ساڵانی کوردی خەڵکی گوندی "ئەرکوازی" سەر بە شاری چەوار لە پارێزگای ئیلام، سەبارەت بە چارەنووس و شوێنی ڕاگیرانی هیچ زانیارییەک لەبەر دەستدا نییە. ئەمەش نیگەرانیی بنەماڵەکەی لەمەڕ دۆخی ناوبراو زۆر کردووە.
سەرچاوەیەکی ئاگاداری کوردپا وێڕای پشتڕاستکردنەوەی ئەم هەواڵە بە کوردپای وت؛ "سینا غیاسی" سەرەتاکانی مانگی ڕێبەندانی ١٤٠٤ بە بێ بەڵگەیی یاسایی لەلایەن هێزە ئەمنییەتییەکانەوە و بە هێرشکردنە سەر ماڵەکەی دەسبەسەر کرا و بۆ شوێنێکی نادیار ڕاگوێزرا.
هەتا کاتی بڵاوبوونەوەی ئەم هەواڵە، سەبارەت بە هۆکاری دەسبەسەرکرانی ئەم لاوە کوردە هیچ زانیارییەک لەبەر دەستدا نییە و هێزە ئەمنییەتییەکان لەمبارەوە ڕوونکردنەوەیەکیان نەداوە. ئەم لاوە لە مافی دەستڕاگەیشتن بە پارێزەر و چاوپێکەوتن لەگەڵ بنەماڵەکەی بێبەری بووە.