ئیلام؛ دەسبەسەرکرانی سەرەڕۆیانەی ١٠ لاو و مێرمنداڵی کورد/ بێهزاد سێفیدخانی، موجتەبا محەممەدوەلی، عەلیڕەا نەزەری، حوسێن مەقسوودی، ئەمیرعەلی لوتفی، پووریا سوڵتانیان، ئەمیرسەعید چوارتاره، سامان سلێمانی، ئەدیب نەزەری، حەمید مەلەکی

19:56 - 1 رەشەمه 2725

٣٠ی ڕێبەندانی ۱۴۰۴؛ لە درێژەی شەپۆلی دەسبەسەرکرانی سەرەڕۆیانە و ڕەشبگیریی هاووڵاتییانی کورد لە ئیلام، ١٠ لاو و مێرمنداڵی کورد لە شارەکانی ئیلام، ئاودانان، ئاسمان ئاباد، دەرەشار و چەوار بە ناوەکانی "بێهزاد سێفیدخانی، موجتەبا محەممەدوەلی، عەلیڕەا نەزەری، حوسێن مەقسوودی، ئەمیرعەلی لوتفی، پووریا سوڵتانیان، ئەمیرسەعید چوارتاره، سامان سلێمانی، ئەدیب نەزەری، حەمید مەلەکی" بە شێوەی سەرەڕۆیانە دەسبەسەر کران و بۆ شوینێکی نادیار ڕاگوێزران.

سەرچاوەیەکی ئاگاداری کوردپا لەمبارەوە وتی: دەسبەسەرکرانی ئەم کەسانە بە بێ بەڵگەی یاسایی بووە و هەتا کاتی بڵاوبوونەوەی ئەم هەواڵە، سەبارەت بە هۆکاری دەسبەسەرکرانی ئەم هاووڵاتییانە هیچ زانیارییەک لەبەر دەستدا نییە و هێزە ئەمنییەتییەکان لەمبارەوە ڕوونکردنەوەیەکیان نەداوە.

شوناس و ڕێکەوتی دەسبەسەرکرانی ئەم هاووڵاتییانە بەم شێوەیە:

ڕۆژی چوارشەممە ٢٩ی رێبەندانی ١٤٠٤، ٥ لاو و مێرمنداڵی کورد بە ناوەکانی "بێهزاد سێفیدخانی" خەڵکی ئیلام لە یەکێک لە گوندەکانی ئەو شارە، "موجتەبا محەممەدوەلی" لاوی کوردی خەڵكی "ئاودانان"، "عەلیڕەزا نەزەری" مێرمنداڵی ١٧ ساڵانی خەڵکی "ئاسمان ئاباد" سەر بە "چەرداوڵ"، "حوسێن مەقسوودی" مێرمنداڵی ١٥ سالانی خەڵکی "دەرەشار" و "ئەمیرعەلی لوتفی" مێرمنداڵی ١٥ ساڵانی خەڵكی "دەرەشار"ی ئیلام دەسبەسەر کران.

پێویست بە ئاماژەیە کە "موجتەبا محەممەدوەلی" لە ڕەوتی بزووتنەوەی ژن، ژیان، ئازادیدا لەلایەن ناوەندە ئەمنییەتییەکانەوە دۆسییەسازیی بۆ کراوە.

ڕۆژی سێشەممە ٢٨ی ڕێبەندانی ١٤٠٤ چوار لاو و مێرمنداڵی کورد بە ناوەکانی "پووریا سوڵتانیان" ٢٢ ساڵان و خەڵکی "ئاسمان ئاباد" سەر بە شاری "چەرداوڵ"، "ئەمیرسەعید چوارتارە" لاوی کوردی خەڵکی "ئاودانان"، "سامان سلێمانی" مێرمنداڵی خەڵکی گوندی "حەفت چشمە" لە "ئاودانان" و "ئەدین نەزەری"لاوی خەڵکی "ئاودانان" دەسبەسەر کران.

پێویستە بوترێ کە لە کاتی دەسبەسەرکرانی "سامان سلێمانی" مێرمنداڵی خەڵکی "حەفت چشمە"دا، هێزە ئەمنییەتییەکان بۆ دەسبەسەرکردنی ئەم مێرمنداڵە لەگەڵ خەڵکی گوندەکە دەرگیر بوون و چەندین ماشینی خەڵكیان تێک شکاند و بۆ بڵاوەپێکردنی خەڵک دەستیان بە تەقەی فیشەک و فڕێدانی گازی فرمێسکرێژ کرد.

هەروەها ڕۆژی دووشەممە ٢٧ی ڕێبەندانی ١٤٠٤، "حەمید مەلەکی" ٣٧ ساڵان و خەڵکی گوندی "ئەرکوازی" سەر بە "چەوار" دەسبەسەر کرا.

وێنە لە ڕاستەوە بۆ چەپ:

پووریا سوڵتانیان، حوسێن مەقسوودی، ئەمیرعەلی لوتفی، موجتەبا محەممەدوەلی، ئەمیرسەعید چوارتاره، عەلیڕەزا نەزەری، حەمید مەلەکی، ئەدیب نەزەری، بێهزاد سێفیدخانی، سامان سلێمانی.