بۆجنوورد؛ ٥ ڕۆژ دەسبەسەرکرانی سەرەڕۆیانەی ئەمیرمحەممەد پیرووزی و ڕاگواستنی بۆ شوێنێکی نادیار/ جۆدۆکار و ئەندامی تیمی میللی

19:32 - 1 رەشەمه 2725

٣٠ی ڕێبەندانی ۱۴۰۴؛ لە درێژەی شەپۆلی دەسبەسەرکرانی سەرەڕۆیانە و ڕەشبگیریی هاووڵاتییانی کورد، "ئەمیرمحەممەد پیرووزی" لاوی کوردی خەڵکی بۆجنوورد کە جۆدۆکار و ئەندامی تیمی میللییە، بەشێوەی سەرەڕۆیانە لەلایەن هێزە ئەمنییەتییەکانەوە دەسبەسەر کرا و بۆ شوێنێکی نادیار ڕاگوێزرا.

سەرچاوەیەکی ئاگاداری کوردپا وێڕای پشتڕاستکردنەوەی ئەم هەواڵە بە کوردپای وت؛ "ئەمیرمحەممەد پیرووزی" ڕۆژی ٢٦ی ڕێبەندانی ١٤٠٤ بە بێ بەڵگەیی یاسایی لەلایەن هێزە ئەمنییەتییەکانەوە و بە هێرشکردنە سەر ماڵەکەی دەسبەسەر کرا و بۆ شوێنێکی نادیار ڕاگوێزرا.

هەتا کاتی بڵاوبوونەوەی ئەم هەواڵە، سەبارەت بە هۆکاری دەسبەسەرکرانی ئەم وەرزشوانە لاوە هیچ زانیارییەک لەبەر دەستدا نییە و هێزە ئەمنییەتییەکان لەمبارەوە ڕوونکردنەوەیەکیان نەداوە. ئەم لاوە لە مافی دەستڕاگەیشتن بە پارێزەر و چاوپێکەوتن لەگەڵ بنەماڵەکەی بێبەری بووە.