بەندیخانەی شیروان؛ دانیال نیازی، لاوی ١٨ ساڵان، ٣٨ ڕۆژە دەسبەسەر کراوە و دانپێدانانی زۆرەملێی لێ وەرگیراوە

18:28 - 1 رەشەمه 2725

۲۹ ی ڕێبەندانی ۱۴۰۴؛ "دانیال نیازی" لاوی تەمەن ١٨ ساڵانی خەڵکی "شیروان" سەر بە پارێزگای خوراسان کە ٣٨ ڕۆژە بە شێوەی سەرەڕۆیانە دەسبەسەر کراوە، لە ڕەوتێکی نادادپەروەرانەدا و لەژێر ئەشکەنجەدا و بە دانپێدانانی زۆرەملێ لەلایەن "لقی ٢ی لێپرسینەوەی دادسەرای گشتی و ئینقلابی شاری شیروان"ـەوە لەگەڵ تۆمەتی قورسی "موحاربە" و تۆمەتەکانی وەک "بەشداری لە دەسپێکردنی کوشتنی بەئەنقەست و بەشداری لە لێدانی بەئەنقەست و ئەندامەتی لە کۆبوونەوەی زیاتر لە سێسەد کەسیی دژی تەناهیی نێوخۆیی وڵات و تێکدانی نەزم و ئاسایشی گشتی و چالاکیی تەبلیغی دژی نیزام" بەرەوڕوویە و گیان و چارەنووسی بە جیددی لە مەترسیدایە.

سەرچاوەیەکی ئاگادار وێڕای پشتڕاستکردنەوەی ئەم هەواڵە بە کوردپای وت؛ "دانیال نیازی" نیوەشەوی ٢٢ی بەفرانباری ١٤٠٤ بە هێرشی هێزە ئەمنییەتییەکان بۆ سەر مەاڵەکەی، بە بێ بەڵگەی یاسایی و بە توندوتیژییەوە دەسبەسەر کرا و بۆ شوێنێکی نادیار ڕاگوێزرا. لە درێژەدا لە ماوەی ٢٤ کاتژمێری سەرەتاییدا بە هۆی ئەشکەنجەی زۆرەوە دانپێدانانی زۆرەملێی لێ وەرگیرا و ئەمەش بووەتە هۆی وەپاڵدانی تۆمەتی قورس دژی ناوبراو؛ لەکاتێکدا کە لە مافی هەر چەشنە دەستڕاگەیشتن بە پارێزەر و چاوپێکەوتن و پێوەندییەک لەگەڵ بنەماڵەکەی بێبەری کراوە.

بەپێی نموونەیەک لە دادنامەکەی کە بە دەستی کوردپا گەیشتووە؛ وەپاڵدانی تۆمەت دژی نابراو لە ڕێکەوتی ٢٣ی بەفرانباری ١٤٠٤ دەر چووە و لە نەبوونی مافی دەستڕاگەیشتن بە پارێزەر لە کاتی لێپرسینەوە و دانپێدانانی زۆرەملێدا لەژێر ئەشکەنجەدا پشت بە دۆسییەسازیی ناوەندە ئەمنییەتییەکان بەستراوە و دادگای بڕیاری دەرکردنی حوکمی بە ڕەتکردنەوەی ناڕەزایەتیدەربڕینی ئەم لاوە ١٨ ساڵانەی پشتڕاست کردووەتەوە.

ناوبراو پاش کۆتاییهانی لێپرسینەوە و دۆسییەسازی لەلایەن ناوەندە ئەمنییەتییەکانەوە بۆ بەندیخانەی شیروان ڕاگوێزراوە و لە ئێستادا مافی دەستڕاگەیشتن بە پارێزەری نییە و تەنیا بنەماڵەکەی مافی پێوەندیگرتنیان هەیە یان دەتوانن بیبینن.

سەرچاوەکەی کوردپا لەبارەی دۆخی ناوبراوەوە دەڵێ؛ ئەو لەژێر تۆمەتی قورس و بە ئەگەری زۆرەوە حوکمی "سێدارە"دایە و کەسێکی نییە کە بەدواداچوون بۆ دۆسییەکەی بکات، چونکە لە منداڵییەوە بە بێ سەرپەرست گەورە بووە و دایک و باوکی لە یەک جیا بوونەتەوە.

دانیال نیازی، تەمەن ١٨ ساڵان لە کوردە کرمانجەکانی شاری "شیروان" لە پارێزگای خوراسانە.